شاخەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسنامە بۆ کێوەکان دادەنێن

ژینگەپارێزان و شاخەوانانی ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردەواریی هاوڕەنگی کێو و تەلانەکان، تابلۆ و ناسنامە بۆ چیاکانی ناوچەی گەورکایەتی لە بۆکان دادەنێن و دەڵێن، شاخەکانی کوردستان خاوەنی ناسنامە و مێژووی لەمێژینەی خۆیانن و مەبەستیان لەم کارە ئەوەیە گەشتیارانی بیانی، یان ئەو کەسانەی شارەزای شاخ و کێوەکان نین، هەروەها نەوەکانی داهاتوو بەم تابلۆیانە بەرزاییەکان بناسنەوە و شارەزاییان لەسەریان هەبێت.

کامیل سەلیم پوور،  شاخەوان بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە لە پێناوی پاراستنی ژینگە و ناسنامەی شاخەکان ئەم تابلۆیانە دادەنێن و هیوادارین نەوەکانی داهاتوومان پارێزگاری لە ژینگە و شاخەکانمان بکەن.

چیا ئەحمەدی، ئەندامی گرووپی شاخەوانی بۆکان، دەڵێت: دانانی تابلۆ بە مەبەستی پێدانی ناسنامە بە کێوەکان نییە، چونکە ئەوان خۆیان بە درێژای مێژوو خاوەن ناو و ناسنامەی خۆیانن. ئێمە دەبێ ئەو ناسنامەیە بپارێزین.

یەکێک لەو کێوانەی ناسنامەی بۆ دانراوە، کێوی قەرەقایە؛ بە گوتەی شاخەوانان پێشتریش چەند جارێک ئەم کارەیان کردبوو، بەڵام لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تێک درابوو، ژینگەپارێزان پاراستنی ژینگە بە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان دەزانن و دەڵێن؛ پێویستە هەموومان چیا و ڕووبار و ژینگەی وڵاتەکەمان بناسین و پارێزگارییان لێ بکەین.

 جەلال نەوازاد، بەرپرسی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزانی چیای سەوزی سەقز، دەڵێت: دانانی تابلۆ کارێكی زۆر باشە. من هەرچەند خەڵکی ئەم ناوچەیەم بەڵام ناوی لووتکە و شاخەکانم نەدەزانی.

پیرە هەڵۆ، بەرپرسی گرووپی شاخەوانی هەڵۆی سەقز، بە کوردستان 24ـی گوت: شاخەوانی بووە بە بەشێک لە ژیانمان. ئەرکی ئێمەیە ژینگەی وڵاتەکەمان بپارێزین.

چیای قەرەقا دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای بۆکان و لە نێوان گوندەکانی کانیی درێژ و شێخ چۆپان هەڵکەوتووە، بەرزایی ئەم کێوە  2198 مەترە و بە گوتەی  شاخەوانان و خەڵکی دەرووبەریش، لێدانی کانگای زێری سەقز و دروستکردنی لە ڕادەبەدەری جادەکان مەترسیی خستووەتە سەر شاخەکان و ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو لەم ناوچەیەدا. 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment