دەستنیشانکردنی نەخۆشی دەروونی لە پیاواندا کەمترە بەراورد بە ئافرەتان

یەکێک لە هۆکارەکان بۆ دەستنیشان نەکردنی نەخۆشی دەروونی لە پیاوان، ئەوەیە  سەردانی پزیشکی دەروونی ناکەن بۆ وەرگرتنی ڕاوێژی دەروونی.

پەیمانگای تەندروستی گشتیی فیدراڵی لە ئەڵمانیا  (RKI) ڕایگەیاند، دەستنیشانکردنی نەخۆشی دەروونی لە پیاواندا کەمترە بە بەراورد بە ئافرەتان، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە پیاوان کەمتر تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کەمتر سەردانی پزیشکی دەروونی دەکەن.

ماڵپه‌ڕە ته‌ندروستییەکە ڕوونیشی کرده‌وه‌،  مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە دەروونییەکاندا بۆ زۆرێک لە پیاوان قورسە، چونکە نایانەوێت دان بەوەبنێن کە تووشی نەخۆشی دەروونی بوونە.

پیاوان لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی نەخۆشییە دەروونییەکانیان ببنەوە و چارەسەری بکەن، ڕوودەکەنە هەڵسوکەوتی توند و مەترسیدار، یاخود زێدەڕۆیی لە ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی و ئاڵوودەبوون و زیادکردنی بەکارهێنانی خواردنەوە کحوولییەکان و نیکۆتین.

ماڵپەڕەکە جەختی لە گرنگی ڕاوێژی دەروونی کردووەتەوە، کە لە کاتی بەدیکردنی ئەم جۆرە ڕەفتارانە، چارەسەری دەروونی وەربگیرێت بە تایبەتیش ئەگەر ئەم ڕەفتارانە نیشانەی دیکەی لەگەڵدا بێت وەکوو بێئومێدی و  بیرکردنەوە لە خۆکوشتن.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نیشانانە دەکرێت لە ڕێگەی چارەسەری دەروونی وه‌ک چارەسەری هەڵسوکەوتی مەعریفی (Cognitive behavioral therapy) بێت،  کە یارمەتی نەخۆشەکان دەدات بۆ گۆڕینی تێڕوانینی نەرێنییان بۆ ژیان و فێرکردنی ستراتیژیی سوودبه‌خش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باری قورس و فشارە دەروونییەکان.

هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت پەنا ببرێتە بەر چارەسەری دەرمانی وه‌ک دژه‌خه‌مۆکییه‌کان.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment