سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان سیستەمی ئابوونەی ئەندامەکانی ڕێکدەخاتەوە
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕێگەی سیستەمێکی دیجیتاڵیی نوێوە دەست دەکات بە پاککردنەوەی تۆماری ئەندامانی و جیاکردنەوەی ڕۆژنامەنووسانی کارا لە وانەی کە پیشەکەیان جێهێشتووە.
ئەکەد موراد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، سیستەمێکی ئۆنلاین و نوێیان پەیڕەو کردووە کە هەموو لق و نووسینگەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و کۆمەڵێک ڕێکاری توندیان بۆ نوێکردنەوەی ئەندامێتی و دانی ئابوونە داناوە.
گوتیشی: هەر ئەندامێک سێ ساڵ ئابوونەی ساڵانە نەدات، ناوەکەی دەچێتە "لیستی سوور"ەوە. ئەگەر بیەوێت ئەندامێتییەکەی کارا بکاتەوە، دەبێت بە فیلتەری لیژنەیەک لە بارەگای لق تێپەڕببێت و ڕەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی بدەن، هاوکات دەبێت 25 هەزار دینار وەک غەرامە و پارەی ساڵەکانی پێشووش بدات.
ئاماژەشی دا، هەر ئەندامێک لە 5 ساڵ زیاتر ئابوونە نەدات، ناوەکەی دەچێتە "لیستی ڕەش" و ئەندامێتییەکەی هەڵدەوەشێتەوە. ئەم کەسانە ناتوانن بە پارەدان بگەڕێنەوە، بەڵکوو دەبێت وەک کەسێکی نوێ سەرلەنوێ مامەڵەی ئەندامبوون بکەنەوە و دەبێت ئەنجوومەنی باڵا ڕەزامەندی لەسەر بدات.
سەبارەت بە ناسنامەی نوێی سەندیکا، ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد کە ناسنامەکان دەکرێنە دیجیتاڵی و کۆدی (QR)یان لەسەر دەبێت؛ بە سکانکردنی کۆدەکە سیڤی (CV) ڕۆژنامەنووسەکە و شوێنی کارکردن و کارایی ئەندامێتییەکەی دەردەکەوێت.
ئامانج لەم هەنگاوە، وەک سەندیکا ئاماژەی پێ داوە، بۆ ئەوەیە کە تەنیا ڕۆژنامەنووسانی ڕاستەقینە و کارا خاوەنی ناسنامە بن و ئەوانەی پەیوەندییان بە پیشەکەوە نەماوە لە تۆمارەکاندا دەربکرێن.
