ڕاپەڕین.. هاووڵاتییانی ڕاپەڕین دڵخۆشن بە فراوانی بوونی پرۆژەی ڕووناکی لە سنوورەکەیان

کارمەندانی پرۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی ڕاپەڕین
کارمەندانی پرۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی ڕاپەڕین

پرۆژەی ڕووناکی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لە فراوان بوون دایە و هاووڵاتییانیش دڵخۆشن بە گەیشتنی پرۆژەکە بۆ سنوورەکەیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاراس ئەمین پەیامنێری کوردستان24، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: زۆنی یەکەمی پرۆژەی ڕووناکی سەنتەری شارۆچکەی ڕانیەی گرتەوە و 30 هەزار هاووڵاتیی لێی سوودمەند بوون، پرۆژەکە گەیشتووەتە شارۆچکەی پشدەر و کارمەندانی پرۆژەی ڕووناکی فۆڕم و پڕۆشەر بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکەن.

جوانڕۆ خدر، چالاکوانی مەدەنی، بە کوردستان24ـی گوت: ئەم پرۆژەیە دڵخۆشکەرە بۆ هاووڵاتییان، چونکە سوودی زۆری بۆ سنوورەکە هەیە بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی کشتووکاڵییە و جووتیاران و پیشەوەران بۆ بەرهەمەکانیان سوود لە کارەبای 24 کاتژمێری وەرگرن.

هەروەها گوتی: ژمارەیەکی زۆری مۆلیدەی ماڵان کاردەکات و ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەش لەو دەڤەرە زۆرە، ئەمەش کاریگەری زۆر باشی لەسەر کەمبوونەوەی دەبێت.

ژمارەی دانیشتووانی ئیدارەی ڕاپەڕین زیاتر لە 500 هەزار کەسە، بە تەواوبوونی پرۆژەی ڕووناکی 110 هەزار هاوبەشی کارەبا لێی سوودمەند دەبن و 230 مۆلیدەی گەڕەکەکان دەکوژێندرێنەوە.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند؛ دواتر لە ئایاری ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا دا، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment