نزیكترین به‌ربژێر بۆ راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی سۆران بناسه
پێشبینی ده‌كرێت له چه‌ند كاتژمێری داهاتوو راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی سۆران دیاری بكرێت

یانه‌ی سۆران دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری دا به‌شداری له خولی نایابی كوردستان بكات، له ئێستادا سه‌رقاڵی ده‌ستنیشانكردنی راهێنه‌رێكی نوێیه، به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه نیهاد موڕاد راهێنه‌ری پێشووی یانه‌ی هه‌ڵۆ نزیكترین كه‌سه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته.
یانه‌ی سۆران له كۆتاییه‌كانی وه‌رزی رابردوو ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌دی له شوێنی ره‌فیق سه‌عید به راهێنه‌ری یانه‌كه ده‌ستنیشانكرد، به‌ڵام بۆ ئه‌م وه‌رزه ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د گه‌ڕایه‌وه یانه‌ی ئارارات و له ئێستادا یانه‌ی سۆران بێ راهێنه‌ره.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی سۆران له‌سه‌ر مێزی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی سۆران چه‌ندان بژارده گفتووگۆی له‌باره كراوه، له‌وانه گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌فیق سه‌عیدی راهێنه‌ری وه‌رزی رابردوو، بژارده‌ی دووه‌میش ده‌ستبه‌كاربوونی زانا حه‌مه‌دمین وه‌كو راهێنه‌ری یانه‌ی سۆران كه وه‌رزی رابردوو یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری ئه‌و یانه‌یه بوو.
كوردستان24 زانیاری ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتووه كه به‌هێزترین به‌ربژێر كه ڕای زۆرینه‌ی ئه‌ندامان و یاریزانانی یانه‌كه‌ی له‌سه‌ره نیهاد موڕادی راهێنه‌ری پێشووی یانه‌كانی هه‌ڵۆ و رواندوزه كه پێشتر یاریزانی یانه‌ی سۆرانیش بووه، پێشبینی ده‌كرێت نیهاد له چه‌ند كاتژمێری داهاتوو به فه‌رمی وه‌كو راهێنه‌ری یانه‌ی سۆران بناسێندرێت.
نیهاد موڕاد پێشتر وه‌كو یاریزان یاری بۆ یانه‌كانی ئارارات، پێرێس، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، زێره‌ڤانی و هه‌ڵۆ، بكالۆریۆسی له فسیۆلۆجی وه‌رزشی هه‌یه و بڕوانامه‌ی C ئاسیایی له بواری راهێنه‌رایه‌تی به‌ده‌ستهێناوه.
