لە کرماشان ڕۆژانە 750 تۆن زبڵ کۆ دەکرێتەوە

سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپاریزیی شارەوانیی کرماشان، ڕایگەیاند؛ ڕۆژانە لە نێوان 650 تا 750 تۆن زبڵ و خاشاک لە شاری کرماشان کۆ دەکرێتەوە. 

 ڕەزا مورادی، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی شارەوانیی کرماشان، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا'ـی ڕاگەیاند "زۆرترین بڕی زبڵ لە ناوچەکانی پێنج، حەوت و سێی  شارەوانیی کۆ دەکرێنەوە. ئێمە سەرباری ئەو کێشە و گرفتانەی هەمانە، ڕۆژانە، بە سێ شیفت زبڵ و خاشاک کۆ دەکەینەوە." 

مورادی، دەڵێت: یەکێک لەو کێشانە، کۆنیی ئامێر و ئۆتۆمبیلەکانی کۆکردنەوەی زبڵن، کە ژمارەیەکیان پێویستان بە چاککردنەوە یان گۆڕین هەیە.

سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی شاری کرماشان، گوتیشی: نزیکەی 40 ئۆتۆمبیلی کۆکردنەوەی زبڵمان هەیە، کە 15 دانەیان ڕۆژانە پەکیان دەکەوێت و دەبێت چاک بکرێنەوە.

ئەو، جەختی کردەوە "ماوەی کارپێکردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلانە نزیکەی 10 ساڵە، لە کاتێکدا ئۆتۆمبیلەکانی ئێمە زیاتر لە 22 ساڵە کاریان پێ دەکەین."

مورادی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی گونجاو زبڵ و خاشاکی شار کۆ بکەینەوە، پێویستمان بە 10 تا 12 ئۆتۆمبیلی نوێ هەیە؛ لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری شارەوانیی لەگەڵ پاریزگاردا گفتوگۆی کردووە و بڕیارە چەند ئۆتۆمبیلێکی نوێمان بۆ بکڕن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment