سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: بەشداریی بەرفراوانی کۆمپانیا جیهانییەکان لە ئەگرۆپاک سەلمێنەری پێگەی بەهێزی بازرگانیی کوردستانە

 لە چوارچێوەی کردنەوەی گەورەترین پێشانگای نێودەوڵەتیی تایبەت بە پیشەسازیی خۆراک و تەکنەلۆژیای پاکەتکردن لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند: ئامانجی حکوومەت بەشکوکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانە لە بازاڕەکاندا و هاتنی ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا بیانییەکانیش بەڵگەی متمانەی نێودەوڵەتییە بە ژینگەی وەبەرهێنانی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، لە شاری هەولێر پێشانگای نێودەوڵەتیی (ئەگرۆپاک) بە بەشداریی زیاتر لە 300 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی کرایەوە، کە تایبەتە بە بواری تەکنەلۆژیای قوتووبەندکردن، پاکەتکردنی پلاستیکی، پیشەسازیی کشتوکاڵ و خۆراک.

لەم بارەیەوە دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵی کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا،  پەرەپێدان بە کەرتی پاکەتکردن لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی ستراتیژی و پێویستە، ناوبراو ڕوونی کردەوە، ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆی ڕێنمایی و دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەوەی دەبێت هەر کاڵا و بەرهەمێک کە لەسەر ڕەفەی مارکێت و مۆڵەکانی کوردستان دەبینرێت، یان لە ناوخۆی کوردستان بەرهەم هاتبێت، یان لانی کەم پڕۆسەی پاکەتکردنەکەی لە ناوخۆدا ئەنجام درابێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی خستە ڕوو، کار و هەنگاوی زۆر باش لە بواری پیشەسازیی پاکەتکردندا نراوە و لە پلانی داهاتووشدا کارگەی زیاتر و ناوچەی پیشەسازیی فراوانتر کە تایبەت بن بە پیشەسازیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.

سەبارەت بە گرنگیی پێشانگاکەش، محەممەد شوکری جەختی لەوە کردەوە کە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی بواری پاکەتکردن لە پێشانگای ئەگرۆپاکدا دەرفەتێکی گرنگە، بە گوتەی ناوبراو، زۆرینەی بەشداربووانی پێشانگاکە لە کۆمپانیا بیانییەکانن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی جێی سەرنج بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی بیانی و وەک ناوچەیەکی گرنگی بازرگانی و وەبەرهێنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر دەکرێت.

 

 

 
 

Fly Erbil Advertisment