حکوومەتی هەرێم بە هاوکاریی مێتا پلاتفۆرمی "خزمەتی هەواڵ" بۆ ڕۆژنامەنووسان و توێژەران دەخاتە کار
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەنگاوێکی پێشەنگانەدا بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی هەرێم، دەستپێکردنی پرۆژەی "خزمەتی هەواڵ"ی بە هاوکاریی کۆمپانیای جیهانیی "مێتا" ڕاگەیاند؛ پرۆژەکە پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵییە کە لە ڕێگەی واتسئەپەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و خێرا، زانیاری، ئامار و میدیای کوالێتی بەرز دەگەیەنێتە دەست ڕۆژنامەنووسان و توێژەران، ئەمەش بەمەبەستی چەسپاندنی شەفافیەت و بەهێزکردنی پەیوەندییە حکوومییەکان.
دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025 فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، وەک هەنگاوێکی پێشەنگانە بۆ بەهێزکردنی شەفافیەت و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی پەیوەندیی حکوومی، دەستپێکردنی پرۆگرامی دەستپێشخەری بە ناوی "خزمەتی هەواڵ" ڕادەگەینین.
باسی لەوەش کردووە، ئەم خزمەتگوزارییە، بۆ یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی کۆمپانیای "مێتا" دیزاین کراوە، پلاتفۆرمێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە بەمەبەستی پێدانی نوێترین زانیاری و داتای فەرمی بە ڕۆژنامەنووسان، دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، ئەکادیمیست و توێژەران.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت: خزمەتی هەواڵ ئامانجیەتی دەستڕاگەیشتنێکی خێرا و ڕێکخراو بۆ سەرجەم چالاکی، سیاسەت و بەرنامەکانی حکوومەت دابین بکات. لە ڕێگەی ئەم خزمەتگوزارییەوە، ناوەڕۆکەکان ڕاستەوخۆ بۆ ژمارە واتسئەپی تۆمارکراوی بەشداربووان دەنێردرێن، کە ئەمەش خێرایی و کاریگەری لە گەیاندنی زانیارییەکان مسۆگەر دەکات.
ئەو زانیاری و کەرەستانەی کە دەنێردرێن، ئەمانەی خوارەوە لە خۆ دەگرن:
• زانیاریی ورد دەربارەی پرۆژەکانی حکوومەت.
• ڕاپۆرتی خولیی (نیوساڵانە/ساڵانە) بە پاڵپشتیی ژمارە و ئامار دەربارەی چالاکی و دەستکەوتەکانی حکوومەت.
• ڕاگەیەندراوی هەفتانەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و هەر ڕاگەیەندراوێکی گرنگ یان بەپەلە.
• فایلی مەڵتی میدیایی کوالێتیی بەرز، کە بریتین لە ڤیدیۆ، فۆتۆ و دیزاینی گرافیکیی ئامادە بۆ بەکارهێنان.
لەم بارەوە جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند:"ئێمە باوەڕمان وایە کە دەستڕاگەیشتنی ئاسان و ورد بە زانیاری، بەردی بناغەی دروستکردنی متمانە و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان حکوومەت، کایەی میدیایی و ئەکادیمییە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، خزمەتگوزاریی "خزمەتی هەواڵ" تەنیا ئامرازێکی تەکنۆلۆژی نییە، بەڵکوو پابەندبوونێکی حکوومەتەکەمانە بۆ جێبەجێکردنی بەرزترین ستانداردەکانی شەفافیەت و پەیوەندیی کاریگەر. هاوبەشیمان لەگەڵ "مێتا" هەنگاوێکی جۆرییە، جەخت لەسەر هەوڵەکانمان دەکاتەوە بۆ بەکارهێنانی نوێترین تەکنۆلۆژیاکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکات بۆ ڕێکخستن و پەرەپێدانی سیاسەتەکانی ڕاگەیاندنی حکوومەت و دڵنیابوونەوە لە گواستنەوەی زانیاری بە شەفافیەت و وردییەوە، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان دامەزراوە حکوومییەکان و هاووڵاتییان.
بۆ بەشداریکردن لەم خزمەتگوزارییەدا: کلیک لێرە بکە
