وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بڕینی هاوکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ دۆخی کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو مەترسی دەبات

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

 ڕۆژنامەیەکی دیاری ئەمەریکی هۆشداری دەدات، بڕیاری ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکان لەلایەن سەرۆکی نوێی ئەمەریکاوە، مەترسیی گەورە لەسەر کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست دەکات کە هەزاران خێزان و چەکداری داعشی تێدایە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە،  بارودۆخی ناو کەمپی ھۆڵ و کەمپەکانی دیكەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووی لە خراپبوون کردووە.

 بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە دوای دەستبەکاربوونی ڕاگرتنی ئەو هاوکارییانەی ڕاگەیاند کە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لەڕێگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانەوە پێشکەشی دەکردن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا لەمساڵدا بە بەهای لانی کەم 117 ملیۆن دۆلار هاوکارییەکان کەم کراونەتەوە، ئەم بڕیارەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هەبووە، بە شێوەیەک کە لانی کەم 15 پڕۆژە لە کەمپی هۆڵ و پێنج پڕۆژە لە کەمپی ڕۆژ ڕاگیراون یان پەکیان کەوتووە.

چاودێران هۆشداری دەدەن، کەمکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ ئەم کەمپانە کە ژمارەیەکی زۆر لە خێزانی چەکدارانی ڕێکخراوی داعشیان تێدا دەستبەسەرە، دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و مرۆیی، هەروەها ئەگەری سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی داعش زیاد دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment