سوپای پاسداران: لە کاتێکی دیاریکراودا وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا دەدەینەوە
دوای کوژرانی فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا "عەلی هەیسەم تەباتەبایی" لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت دەکاتەوە مافی تۆڵەسەندنەوە بۆ میحوەری بەرگری پارێزراوە و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا وەڵامێکی "تێکشکێنەر" دەدرێنەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەو فەرماندەیەی لە باشووری بەیروت بە تاوان ناو برد و ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل جارێکی دیکە دەستی دایە کوشتنی یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی حزبوڵڵا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەردەوام ئاگربەست پێشێل دەکات، ئەمەش نیشانەی هێز نییە، بەڵکوو بەڵگەی لاوازی و بێدەسەڵاتییەتی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: گومان لەوەدا نییە کە مافی میحوەری بەرگری (موقاوەمە) و حزبوڵڵای لوبنان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەبێت، هێرشەکانی ئیسرائیل ڕووبەڕووی وەڵامێکی کوشندە دەبێتەوە.
یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەم 2025، سوپای ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی دابوو"کەمال ڕەزا کەرنبش، سەرکردەی حزبوڵڵا لە ناوچەی میفادوون لە باشووری لوبنان، سەرکردەیەکی دیکەی حزبوڵڵا لە ناوچەی حوولا لە باشووری ئەو وڵاتە و فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کراونەتە ئامانج.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە لە کاتێکدایە کە لە 27ی تشرینی دووەمی 2024ەوە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لایەنی لوبنانی بەردەوام ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە تۆمەتبار دەکات و ئاماژە بەوە دەدەن کە سوپای ئیسرائیل لە پێنج ناوچەی جیاوازی ناو خاکی لوبناندا درێژەی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی داوە.
