خواردنەوەی چای گەرم دەبێتە هۆی شێرپەنجەی سورێنچک

چا لە باوترین خواردنەوەکانە لە سەرانسەری جیهاندا و بە یەکێک لە خواردنەوە ڕەسەن و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی زۆربەی گەلان دادەندرێت، بەڵام خواردنەوەی چا لە هەموو کاتێکدا تەندروست نییە و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەش زیاد دەکات.

لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوادا، ڕەنگە هیچ خواردنەوەیەک نەگات بە خواردنەوەی کوپێک چای گەرم، بۆ ئەوەی هەست بە گەرمبوونەوەی جەستە بکەیت و ئارامی بە مێشک ببەخشێت، بەڵام لە نەریتی چا خواردنەوەدا لە هەندێک وڵات، وەک باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جا وڵاتە عەرەبییەکان یان ئێران و تورکیا بێت، وا باوە کە چا زۆر بە گەرمی بخوورێتەوە، تەنانەت لە گەرمترین ڕۆژەکانی هاوینیشدا.

 هەروەها یەکێکی دیکە لە نەریتەکانی خواردنەوەی چا ئەوەیە کاتێکی دیاریکراو بۆ خواردنەوەی نییە، بەڵکو پێش ژەمەکان و دوای ژەمەکان و لە کاتی نانخواردن و لە هەموو کاتێکدا دەخوورێتەوە.

چەند ساڵێک لەمەوبەر، ماڵپەڕی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی باشووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا (SWR)، توێژینەوەیەکی ئێرانی بڵاوکردەوە، کە ئەنجامەکانی دەریانخست ئەو کەسانەی ڕۆژانە زیاتر لە 0.7  لیتر چای گەرم دەخۆنەوە کە پلەی گەرمییەکەی لە  60 پلەی سیلیزی زیاتر بێت، نزیکەی دوو هێندەی کەسانی دیکە مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی سورێنچک هەیە.

 توێژینەوەکە بە تایبەتی جەختی کردووەتەوە لەسەر جۆرێکی دیاریکراوی شێرپەنجەی سورێنچک، ئەویش شێرپەنجەی خانە توێژاڵییەکانە (Squamous cell carcinoma).

توێژینەوەکە لە ناوچەی "گوڵستان" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، بە پشت بەستن بە کۆکردنەوەی زانیاریی 50 هەزار پیاو و ئافرەت، ئەنجامدرا بوو. 

توێژینەوەکە گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە توێژینەوەیەکی پێشوەختە بوو، واتە توێژەران سەرەتا چاودێری ئەو کەسانەیان کردووە کە جۆرەکانی چای گەرمیان خواردووەتەوە، پاشان بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کرد بوو بۆ ئەو کەسانەی تووشی شێرپەنجەی سورێنچک بوون، دواتر ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە پەیوەندی نێوان (چای گەرم) و شێرپەنجەی سورێنچکیان پشتڕاست کردەوە.

کاریگەرییەکە، گەرمییە نەوەک خودی خواردنەوەکە

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ناوچەیە بە دیاریکراوی لەلایەن توێژەرانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجەی سورێنچک لەم ناوچەیە بەراورد بە شوێنی دیکە بەرزە، لە هەمان کاتدا دانیشتووانی بە ڕێژەیەکی زۆر چا بە پلەیەکی گەرمی بەرزتر دەخۆنەوە بەراورد بە هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان.

کێشەکە تەنیا چا دروستی ناکات، بەڵکوو هەموو خواردنەوەیەک کە بە گەرمییەکی زۆر بە ڕێژەیەکی بەردەوام بخوورێتەوە.

بە گوێرەی گۆڤاری FITBOOKی تایبەتمەند بە خۆراک و لەشجوانی، ئەنجامی توێژینەوەیەکی بەریتانی کە لە مانگی شوباتی 2025 ئەنجامدراوە و مشتومڕێکی فراوانی لێکەوتەوە، ئاشکرای کردووە، پەیوەندییەکی ڕوون لەنێوان بەکارهێنانی بەردەوامی خواردنەوە زۆر گەرمەکان و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچک هەیە. 

توێژەران شیکردنەوەیان بۆ تۆماری زانیاریی 454 هەزار و 796 کەسی پێگەیشتوو کردووە، بەشداربووان لە "بانکی بایۆلۆجی بەریتانی" هەڵبژێردرابوون و بۆ ماوەی 11ساڵ و  شەش مانگ بە تێکڕا بەدواداچوونیان بۆ کراوە.

ئەنجامەکە دەریخستووە کە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچک 5.6 جار زیاتر بووە لەو کەسانەی ڕۆژانە هەشت پەرداخ یان زیاتر لە خواردنەوە زۆر گەرمەکان دەخۆنەوە. 

هەروەها توێژینەوەکە پەیوەندییەکی ڕوونی لەنێوان پلەی گەرمی خواردنەوەکان و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەینجەی سورێنچکی دەرخستووە، چونکە تەنانەت لە کاتی خواردنەوەی چوار کوپ لە ڕۆژێکدا مەترسییەکە نزیکەی دوو هێندە و نیو زیاتر دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment