هەواڵێکی خۆش لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە
کەی بەردەست دەبێت؟
K24- هەولێر:
یەکێک لەو پسپۆڕانەی دەستی لەبەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەی ئەمەریکا هەیە کە کاریگەرییەکەی 90%ـە، رایگەیاند، ئەگەر هەموو شتێک بەمجۆرەی ئێستا بڕوا زستانی داهاتوو ژیان ئاسایی دەبێتەوە.
ئوگور شاهین، دامەزرێنەری بیۆنتێک بە کەناڵی بی بی سی راگەیاند، نیازمان هەیە پێش مانگی چواری ساڵی داهاتوو، 300 ملیۆن ڤاکسینی کۆرۆنا بەرهەم بهێنین، ئەمەش کاریگەری لەسەر جیهان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر کارەکان بەوجۆرە بڕۆن کە پلانیان بۆ دانراون، پێش پایزی ساڵی داهاتوو، ڤاکسینەکە بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و ژیان بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.
کۆمپانیاکانی بیۆنتێک و فایزەر، ڤاکسینێکیان بەرهەمهێناوە کە بە گووتەی خۆیان 90% کاریگەری دروست دەکات، ئەمەش هەواڵێکی خۆشە بۆ هاووڵاتیانی هەموو جیهان.
بۆ ئەو مەبەستەش، کۆمیسیۆنی ئەوروپا بڕیاری داوە، سەدان ملیۆن لەو ڤاکسینە بۆ هاووڵاتیانی ئەوروپا بکڕێت.
شاهین ئەوەشی ئاشکرا کردووە، حکومەتی ئەمەریکا هیچ هاوکارییەکی نەکردوون، وەکو ئەوەی دۆناڵد ترەمپ باسی دەکات، بەڵکو ئەوان سەربەخۆیانە کار دەکەن و نیازیان هەیە ڤاکسینەکە بە هەموو جیهان بدەن.