لە لازقییە دەستگیرکردنی شانەیەکی داعش ڕاگەیاندرا
عەبدولعەزیز هیلال ئەحمەد، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای لازقییەی سووریا، هەڵوەشاندنەوەی یەکێک لە مەترسیدارترین شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی ڕاگەیاند. ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەی "بەدرووسیە" لە گوندەواری باکووری لازقییە ئەنجام دراوە و سەرجەم ئەندامانی شانەکە دەستگیر کراون.
لە بەیاننامەیەکدا، ئەحمەد ڕوونی کردەوە ئۆپەراسیۆنەکە دوای چەند ڕۆژێک لە چاودێری و بەدواداچوونی ورد ئەنجام دراوە. تێیدا یەکە تایبەتەکان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی گشتیی، هەڵیانکوتاوەتە سەر حەشارگەی شانەکە، کە پلانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە کەناراوەکانی سووریا دانابوو.
ئاماژەی بەوەش کرد لە کاتی هەڵمەتەکەدا پێکدادان ڕووی داوە و ئەندامانی شانەکە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەیان داوە. لە ئەنجامدا تەواوی ئەندامانی شانەکە دەستگیر کران و دوو چەکداریش کە ئامادە نەبوون خۆیان ڕادەست بکەن، لە چالاکی خران (کوژران). هەروەها دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیی جۆراوجۆردا گیرا. لەم ئۆپەراسیۆنەدا ئەفسەرێکی هەواڵگری بە سەختی بریندار بووە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، پارێزگای لازقییە چەندان ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بۆ بەئامانجگرتنی شانە تیرۆریستییەکان بەخۆیەوە بینیوە، هەوڵ دەدەن لە هەندێک ناوچەی گوندەواریدا چالاکییەکانیان دەست پێ بکەنەوە. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە و پووچەڵکردنەوەی چەندان پیلانیان ڕاگەیاندووە؛ شوێنە مەدەنی و سەربازییەکانیان کردبووە ئامانج.
