سوودان.. هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئاگربەستێکی سێ مانگەیان ڕاگەیاند

هاووڵاتیانی سڤیل، قوربانییانی شەڕی ناوخۆی سوودان. وێنە:ڕۆیتەرز
هاووڵاتیانی سڤیل، قوربانییانی شەڕی ناوخۆی سوودان. وێنە:ڕۆیتەرز

هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئاگربەستێکی مرۆیی سێ مانگەیان ڕاگەیاند، بەڵام عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سوودان ئەو ئاگربەستەی ڕەت کردەوە.

سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە، دوێنێ، محەممەد حەمدان دەقلو، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لە وتارێکی تۆمارکراودا ڕایگەیاند "لەسەر بنەمای بەرپرسیارەتی نیشتمانی و وەڵامدانەوەی هەوڵەکانی چوار وڵاتەکە، بە تایبەتی دەستپێشخەرییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی ئاگربەستێکی سێ مانگی و ڕەزامەندیی لەسەر پێکهێنانی چاودێریی نێودەوڵەتی."

دەقلو، لە وتارەکەیدا گوتی: ئێمە پابەندی ئەو ڕەوتە سیاسییە دەبین کە هەمووان تێیدا بەشدارن، جگە لە بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان و گرووپی ئیخوان موسلمین و کۆنگرەی نیشتمانی، چونکە ئەوان بەرپرسیارەتی گشت ئەو کارەساتانە لە ئەستۆ دەگرن کە میللەتەکەمان زیاتر لە 30 ساڵە گرفتاریان بووە.

هەڵوێستی نێودەوڵەتی

پێشتر، مەسعەد پۆلس، نێردراوی ئەمەریکی، پێشنیازی چوار وڵاتەکەی 'ئەمەریکا، ئیمارات، سعوودیە ومیسر'ی ڕاگەیاند بۆ ئاگربەست و گەیاندنی هاوکاریی بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوونە.

کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ڕەخنەی توندیان لێ گیرا بەرانبەر بەو کردەوە نامرۆڤانەی دژ بە دانیشتووانی سڤیلی شاری 'فاشر' کردبوویان. ئەو هێزانە، پاش گرتنەوەی شاری فاشر، هێرشەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی دارفوور چڕتر کردەوە.

ئیمارات ڕەخنە لە بورهان دەگرێت

ڕیم هاشمی، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری هاوکاریی نێودەوڵەتی، ڕەخنەی لە عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سوودان، گرت و گوتی: دەبێ بە ڕوونی ئەوە بڵێم کە بورهان بۆ جارێکی دیکە تەگەرە دەخاتە پێش هەوڵەکانی ئاشتیی لە وڵاتەکەیدا و دژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستە."

بەردەوامیی شەڕ و ئاوارەبوون

هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لە حەوتی ئەم مانگەدا ڕەزامەندییان لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست دا، بەڵام پاش یەک ڕۆژ بۆمبارانی شاری خەرتوومیان کرد کە ئێستا لە لایەن سوپای سوودانەوە کۆنترۆڵ کراوە.

لە هەمانکاتدا، هێزێکی زۆری سەر بە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بارەگای سوپای سوودان و شارەکانی کادوگلی و دەلەنگ، گەیشتوونەتە شاری بابنووسە لە ڕۆژئاوای کۆردۆفان.

لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێکدادانە بەردەوامەی نێوان هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و سوپای سووداندا، هەزاران هاووڵاتی سڤیل ئاوارە بوون و ژمارەیەکی یەکجار زۆریش کوژراو و بریندار بوونە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment