وەزیری ناوخۆ: توندوتیژی دیجیتاڵی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جێگەی نابێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا، دەستپێکردنی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتانی ڕاگەیاند.
ڕێبەر ئەحمەد گوتی، توندوتیژیی دیجیتاڵی وەک تاوانێکی جددی سەیر دەکرێت و وەزارەتەکەی بە هەموو توانایەکەوە کار بۆ پاراستنی ئافرەتان و کچان لە هەڕەشە ئۆنلاینەکان دەکات.
درووشمی هەڵمەتی ئەمساڵ بریتییە لە "پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی دژی ئافرەتان و کچان". ئەم درووشمە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی مەترسییەکانی فەزای دیجیتاڵی لەسەر ژیانی تاکەکان، بەتایبەتی ئافرەتان.
وەزیری ناوخۆ جەختی کردەوە، "کاریگەریی توندوتیژیی دیجیتاڵی لە توندوتیژیی جەستەیی کەمتر نییە، بەڵکوو ترس و زیانی ڕاستەقینەی لێ بەرهەم دێت و وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت." ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێکی نوێی لە هەڕەشە و گێچەڵ و فشاری دەروونی هێناوەتە ئاراوە.
ڕێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد، وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوی کرداری ناوە و سەرمایەگوزاری لە پەرەپێدانی توانا تەکنیکییەکانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوان کردووە. لەم چوارچێوەیەدا گوتی: "تا ئێستا سەدان تاوانبار و گرووپی تاوانکاریی ئۆنلاین دەستگیر کراون و دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگا کراوە. بەمەش ژیانی دەیان ئافرەت و کچ لە مەترسی ڕزگار کراوە."
وەزیری ناوخۆ داوای کرد، بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە ببێتە ئەرکێکی هاوبەشی هەموو لایەک. ئەو، داوای لە ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایان، خێزانەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد؛ پێکەوە کار بکەن بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی دیجیتاڵی سەلامەت.
وەزیری ناوخۆ دڵنیایی دایە ئافرەتان و کچانی کوردستان، "هەموو بابەتێکی هەڕەشەی ئۆنلاین بە هەڕەشەیەکی جددی وەردەگیرێت." هەروەها جەختی کردەوە، مافی هەموو ئافرەتێکە لە هەرێمی کوردستان هەست بە سەلامەتی و ئاسوودەیی بکات، چ لە ژیانی ڕاستەقینەدا و چ لە جیهانی دیجیتاڵیدا.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، ڕێبەر ئەحمەد گوتی "پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو لایەک دەنێرین: توندوتیژی دیجیتاڵی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جێگەی نابێتەوە. با هەموومان پێکەوە کار بۆ پاراستنی ئافرەتان و داهاتووی کچانمان بکەین."
---------------------------------------------------
دەقی گوتاری ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان.
ئامادەبوانی بەڕێز، میوانان و هاوکارانی ئەزیز، بەیانیتان باش.
خۆشحاڵم ئەمڕۆ پێكەوە لێرەین بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێكی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی چالاكییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و كچان، لەژێر دروشمی "پێكەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی دژی ئافرەتان و كچان".
بەڕێزان،
پێشەكی دەمەوێت سوپاسی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم دیدارە گرنگە. هەروەها سوپاسی هاوبەشەكانمان بكەم لە ڕێكخراو و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕۆئافرەتامەنووسان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت و خێزان و بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەكانی و هەموو ئەوانەی كە لێرەن و كار بۆ پاراستنی شكۆ و مافەكانی ئافرەتان و كچان دەكەن.
ئامادەبووانی هێژا،
ئەمڕۆ جیهان زیاتر لە هەر سەردەمێكی تر بەیەكەوە بەستراوەتەوە. مۆبایلەكانمان، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سەكۆ دیجیتاڵییەكان ئێستا بەشێكن لە ژیانی ڕۆژانەمان؛ بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی ئەم فەزا دیجیتاڵییە، جۆرێكی نوێ لە مەترسی و هەڕەشە هاتۆتە ئاراوە. دەبینین هەندێك لە ئافرەتان و كچانمان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕووبەڕووی گێچەڵ و هەڕەشە دەبنەوە. هەڕەشە و ترساندن بە بڵاوكردنەوەی وێنە و بابەت و زانیاری تایبەت بە ژیانیان، فشاری دەروونی لەسەر ئێستا و ئاییندەیان دروست دەكات.
ئاشكرایە كە كاریگەری توندوتیژی دیجیتاڵی لە توندوتیژی جەستەیی كەمتر نییە، بەڵكوو ترس و زیانی ڕاستەقینەی لێ بەرهەمدێت و وەك تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. هەر بۆیە ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ، بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆمانی دەزانین كە ئافرەتان و كچان لەم جۆرە سوكایەتییە بپارێزین.
بەڕێزان،
لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ڕێنوێنی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك وەزیران كاك مەسرور بارزانی، هەوڵی جددی دراوە بۆ فراوانكردنی بازنەی بەشداریی ئافرەت، بەتایبەتی لە كایەی سیاسی و بەڕێوەبردن و لە هەموو كایەكانی ژیان بەگشتی. فراوانكردنی ئەو بازنەیە بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆی دەهێنێت و پێویستی بە ئامادەكاری زیاتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە ڕا و بۆچوونە جیاوازەكان، وەك یەكێك لە بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ. هەر بۆیە لە هەردوو هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان لە 2024 و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2025، لیئافرەتەی تایبەتمان بۆ پاڵپشتیكردن لە كاندیدە ئافرەتەكان دروستكرد، بۆ ئەوەی بتوانن ئازادانە و ئازایانە هەموو فەزایەكی ئەلیكترۆنی و ئاسایی بۆ كەمپینەكانیان بەكاربهێنن، دوور لە هەر هەڕەشە و مەترسییەك.
لە لیژنەی باڵای ئەمنی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان، هۆشداریمان دا كە هەر كەسێك گێچەڵ بەو كاندیدانە بكات، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێتەوە.
هەر پەیوەست بەو بابەتە، وەزارەتی ناوخۆ سەرمایەگوزاری گرنگی لە پەرەپێدانی تواناكانی پۆلیس، لە بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەی بەڵگەكانی تاوان كردووە و ئامێر و تەكنەلۆژیای سەردەمیانەی خستووەتە كار بۆ دۆزینەوەی تاوانبارانی ئەلیكترۆنی و بەدواداچوونی ئەو تاوانبارانەی فەزای ئەلیكترۆنی بۆ هێرشكردنە سەر هاووڵاتییان بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی بەكاردەهێنن. لەگەڵ دادگاكان و دادوەران كارمان كردووە، بۆ ئەوەی بەڵگەی دیجیتاڵی بە شێوەیەكی دروست كۆبكرێتەوە و تاوانباران لە بەرپرسیارێتی ڕانەكەن.
بەڕێزان،
وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی دیكە، هەنگاوی كرداریی ناوە بۆ سنوورداركردن و ڕێگریكردن لە تاوانە ئەلیكترۆنییەكان دژ بە ئافرەتان. ئەم هەنگاوانە بوونەتە هۆی ئاشكراكردن و دەستگیركردنی سەدان تاوانبار و گرووپی تاوانكاری ئۆنلاین، كە بەپێی یاسا كەیسەكانیان دراونەتە دادگا و ژیانی دەیان ئافرەت و كچ لە مەترسی ڕزگاركراوە. ئەمەش هۆكارێك بووە بۆ دروستبوونی متمانەی تەواو لە نێوان هاووڵاتییان و دەزگا ئەمنییەكان.
ئامادەبووانی بەڕێز،
لێرە دەمەوێت ڕاشکاوانە بڵێم: ئەم بەرەنگاربوونەوەیە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. هیچ حکوومەتێک و هیچ وەزارەتێک، هەروەها هیچ هێزێکی ئەمنی بە تەنیا ناتوانێت بەرەنگاری توندوتیژی دیجیتاڵی ببێتەوە. بۆیە پێویستیمان بە پشتگیری هەمووان هەیە؛ لە ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، مامۆستایان، دایک و باوکان، چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شارەزایانی تەکنەلۆژیا.
پێویستیمان بە میدیایەکی بەرپرسیارانە هەیە کە شکۆ و نهێنی و تایبەتمەندییەکانی تاک و ئافرەتان بپارێزێت. پێویستیمان بە قوتابخانە و خێزانەکانە بۆ پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو لەسەر خۆپارێزی دیجیتاڵی. پێویستیمان بە کۆمەڵگەی مەدەنییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پاڵپشتیکردنی قوربانییان. پێویستە هەموومان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست، دژ بە ئازاردان و سووکایەتی و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە بوەستینەوە.
کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دیجیتاڵی ئەرکێکی کۆمەڵایەتییە، نەک تاکەکەسی. کۆمەڵگەیەک کە ئافرەتان و کچان تێیدا لە ڕووی جەستەیی و دیجیتاڵییەوە پارێزراو بن، کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر و متمانەپێکراوتر و دادپەروەرترە. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە خودی ئافرەتان و کچان لە پێگەی گەورەی خۆیان بزانن و ئەو پێگەیە بپارێزن.
بەڕێزان،
دەمەوێت ئاماژە بە گرنگی ئەخلاقی میدیایی بکەم، چونکە ئەو وشە و وێنانەی هاوبەش دەکرێنەوە، ئەو پۆستانەی بڵاودەکرێنەوە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان. ڕۆژنامەنووسێکی بەرپرسیار دەتوانێت ژیان و کەرامەتی ئافرەتێک بپارێزێت. پۆستێکی نابەرپرسیار دەتوانێت زیان بە متمانە و شکۆی ئافرەت بگەیەنێت. بۆیە سوپاسی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕۆژنامەنووسەکانمان و هەموو نوێنەرانی دەزگا میدیاییەکان دەکەم کە ئەمڕۆ لێرەن. ئێوە ڕۆڵی سەرەکیتان هەیە لە دروستکردنی ژینگەیەکی دیجیتاڵی سەلامەت و بنیاتنەردا.
هەروەها دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە وەزارەتی ناوخۆ لە بەهێزکردنی دامودەزگاکانی و جێبەجێکردنی یاسا و بەدواداچوونی تاوانی دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن بە ئازادانە و بەرپرسیارانە ڕۆڵی خۆیان لەناو کۆمەڵگە ببینن.
پێکەوە، لەگەڵ هاوبەشەکانمان، کار لەسەر بەرنامەکانی ڕێگری، هۆشیاری و پاراستن دەکەین. ئافرەتان و کچانمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو بابەتێکی هەڕەشەی ئۆنلاین بە هەڕەشەیەکی جددی وەردەگیرێت و پیشەییانە لێی دەکۆڵینەوە. هەموو ئافرەتێک لە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە کە لە ماڵەکەی خۆیدا، لە شوێنی کارەکەیدا، لەناو کۆمەڵگە و لە جیهانی دیجیتاڵیشدا هەست بە سەلامەتی و ئاسوودەیی بکات.
لە کۆتاییدا، پەیامێکی ڕوون بۆ هەموو لایەک دەنێرین: توندوتیژی دیجیتاڵی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جێگەی نابێتەوە. با هەموومان پێکەوە کار بۆ پاراستنی ئافرەتان و داهاتووی کچانمان بکەین.
سوپاس بۆ پابەندبوونتان بە بنیاتنانی کوردستانێکی سەلامەتتر و ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو لایەک.
زۆر سوپاس.
