سلێمان سندی: رێگە نەدرا دەستەی مافی مرۆڤ گیراوانی لالەزار ببینێت
سلێمان موحسین سندی، ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی رێگەی نەداوە دەستەی مافی مرۆڤ گیراوانی لالەزار ببینێت، جەختیش دەکاتەوە ئەوەی حەمە ڕەش باسی کرد زیاتر گومان دروست دەکات بۆچی رێگری لە کارەکانی دەستەکە دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، سلێمان موحسین سندی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان 24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: دۆسیەیەی حەمەڕەش گومانی خستەسەر تەواوی پرۆسەی دادگایکردنی گیراوانی لالەزار، هەروەها لەسەر ئەم دۆسیە سبەی دووشەممە، نوسراوێک ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی و داواکاری گشتیی دەکرێت.
گوتیشی: پەیوەست بە پرسی حەمەڕەش و گیراوانی لالەزار، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ دادگا دادەنیشێت.
سلیمان موحسین ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی حەمە ڕەش باسی کرد ئێستا دەرکەوت کە بۆچی رێگریان لە چوونی دەستەی مافی مرۆڤ دەکرد بۆ بەندینخانە و دیتنی گیراوان.
باسی لەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا سێجار سەردانی گیروانی لالەزارمان کردووە"، هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە داوایان کردووە لیژنەیەکی بێلایەن لە وەزارەتی تەندروستی بۆ دڵنایبوونەوە لە قسەکانی حەمەڕەش لە بەندینخانە سەردانی بکات.
لەلای خۆیەوە، ئاریان بورهان سلێمان، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، رایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی ئێمە بە پیشەییانە کارەکانمان کردووە کەچی چوار لە پارێزەرەکانمان لە ناو تیمەکە هەڕەشەیان لێکراوە ، جەختیش دەکاتەوە نامانەوێت دۆسیەکە بەجۆرێک کاری لەسەر بکرێت بەرگی یاسایی لێ دابماڵرێت، چونکە خۆی سیاسیە.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 9ـی نیسانی 2026، 14 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو.
هەروەها رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسهوانی لاهور شێخ جهنگی و 11 دهستگیركراوی دیكهی لالهزار ئازاد کران.
پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.