سعوودیە: مافی خۆمانە وەڵامی ئەو هێرشانە بدەینەوە کە لە عێراقەوە کراون

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان توانیویانە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) تێکبشکێنن کە لە خاکی عێراقەوە بەرەو ناوچەکانی شانشینەکە ئاراستە کرابوون.

تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە رێگری لە سێ درۆن بکەن و تێکیانبشکێنن، دوای ئەوەی لە سنووری ئاسمانیی عێراقەوە هاتبوونە نێو وڵاتەکەی.

مالیکی جەختی کردەوە، وەزارەتی بەرگری مافی تەواوی خۆیەتی وەڵامی ئەم هێرشانە لە "کات و شوێنی گونجاودا" بداتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد سعوودیە هەموو رێکارە پێویستەکان دەگرێتە بەر و جێبەجێیان دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت زیان بە سەروەریی وڵاتەکە، ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی ناو خاکی سعوودیە بگەیەنێت.

لە 25ـی ئاداری 2026، هەر یەک لە وڵاتانی کوێت، ئیمارات، بەحرەین، سعوودیە، قەتەر و ئوردن، بە فەرمی داوایان لە حکوومەتی عێراق کردبوو رێکاری بەپەلە بگرێتەبەر بۆ راگرتنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان کە لە ناو عێراقەوە وڵاتانی دراوسێ دەکەنە ئامانج.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە، چوونە پاڵ ئێران لە جەنگەکەدا و بەشداریی خۆیان لەو ململانێیەدا راگەیاندووە.

چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عەرەبستانی سعوودیە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد، لە رێگەی درۆن لە خاکی عێراقەوە کرانە سەر سعوودیە و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا کە بە سەرۆکایەتی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە بەڕێوەچووبوو، جەخت لەوە کرابووەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا بکات. ئەنجوومەنەکە دووپاتی کردبووەوە، ریاز بە توندی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری وڵاتان و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە رەت دەکاتەوە.

هەروەها 13ـی مانگی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، سەفیە تالیب سوهێل، باڵیۆزی عێراقی لە ریاز بانگهێشت کردبوو، ئەوەش لەسەر پاشخانی هەڵدانی درۆن لە ناو خاکی عێراقەوە بەرەو وڵاتانی ناوچەکە.