پەرلەمانی عێراق دەچێتە پشووی وەرزییەوە

پڕۆسەی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی بۆ ماوەی مانگێک رادەگیرێت، ئەوەش بەهۆی دەسپێکردنی پشووی وەرزیی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کە تاوەکو سەرەتای مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت.

یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، دکتۆر چیمەن بارزانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "لەیەکی حوزەیران تاوەکو یەکی تەممووز، پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەمانە، بۆیە هیچ بڕیارێک نییە لەم مانگەدا کۆبوونەوە بۆ دەنگدان بە کاندیدەکان ئەنجام بدرێت."

سەبارەت بەوەی ئایا ئەم دواکەوتنە کێشەی یاسایی بۆ حکوومەت دروست دەکات، چیمەن بارزانی دڵنیایی دا و گوتی: "کۆبوونەوەی تایبەت بە دەنگدان بە کابینەی حکوومەت بە 'کراوەیی' هێڵدراوەتەوە، بۆیە لە رووی یاساییەوە هیچ کێشەیەک دروست نابێت و هەرکاتێک کۆبوونەوەکە بکرێت، ئاساییە دەنگ بەو کاندیدانە بدرێت کە بۆ پۆستە وەزارییەکان ماون."

ئەم بڕیارەی پەرلەمان دوای ئەوە دێت کە لە رۆژی 14ی ئایاردا، پەرلەمان بە ئامادەبوونی 266 پەرلەمانتار کۆبووەوە و متمانەی بە عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیران و 14 وەزیری کابینەکەی بەخشی. بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکی و رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پشکەکانیان، دەنگدان لەسەر 9 کاندیدی تر بۆ پۆستە وەزارییەکان ئەنجام نەدرا و یەکلاکردنەوەیان بۆ دوای پشووەکانی پەرلەمان مایەوە.