دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق گەڕاندەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێکی نوێدا، دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکانی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق گەڕاندەوە تاوەکو دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمان. 

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، "ئەمە وەکو ڕاستکردنەوەی بڕیارێکی پێشووتری دادگاکە دێت کە بڕیاری کۆتاییهاتنی ئەرکی خولی پێنجەمی دابوو."

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە وەک وەڵامێک بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەرچووە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەسەڵاتی تەواوی کارگێڕی و دارایی دەمێنێت. لە نووسراوەکەدا هاتووە کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان "تەنیا مافی دەرکردنی یاسا و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان نییە."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان؛ دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دابوو، لە لە ڕۆژی دووشەممەوە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆتایی بە کارەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بهێنێت و ئەرکەکانی حکوومەتی فیدراڵیشی بۆ "حکوومەتی کاربەڕێکەر"  بگۆڕێت. 

بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کە واژۆی مونزیر ئیبراهیم حوسێن، سەرۆکی دادگاکەی لەسەرە؛ حکوومەتی کاربەڕێکەر و سەرۆک وەزیران ناتوانن ئەو بڕیار و ڕێوشوێنانە بگرنەبەر کە پێویستیان بە بڕیاری ستراتیژی و پلانی درێژخایەن هەیە. 

سەرۆکی دادگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانج لەم بڕیارە، دڵنیابوونە لە بەردەوامیی کارکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک تاوەکوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment