تاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر بە لووتکە وەسف دەکات

فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر
فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر

سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، قۆناغی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تاران بە زێڕین ناو دەبات و بەڵێنی کارئاسانیی بەرپرسانی کورد دەکاتە دەرفەتێک بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەی تاوەکو ڕوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.


فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر،  لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی ژوورە بازرگانییەکان و سەرمایەگوزارانی هەردوولا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئێستا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و سەردانی بەرپرسە باڵاکانی وەک چوونی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران و هاتنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هەولێر، باشترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە.

لەو چوارچێوەیەدا سەرکۆنسوڵی ئێران داوای لە بازرگانان و هەناردەکارانی وڵاتەکەی کرد، سوود لەم کەشە لەبارە وەربگرن و چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن، چونکە بەرپرسانی هەرێم دڵنیاییان داوە هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک پێشکەش دەکەن.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە،  زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پڕۆژە هاوبەشەکان لەوەی ئێستا هەیە باشتر بکرێت و هەردوولا دەتوانن لە سایەی ئەو متمانە سیاسییەی دروست بووە، پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان بدەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment