قاهیرە.. نەخشەڕێگەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە تاوتوێ دەکرێت

میسر، قەتەر، تورکیا و ئەمەریکا، لە میانەی کۆبوونەوەیان لە قاهیرە، تاوتوێی نەخشەڕێگەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززەیان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، مێدیا فەرمییەکانی میسر بڵاویان کردەوە، شاندەکانی میسر، قەتەر، تورکیا و ئەمەریکا، لە قاهیرە کۆبوونەوە.

هەروەها کەناڵی هەواڵیی قاهیرە بڵاوی کردەوە، هەر یەکە لە سەرۆکەکانی دەزگای هەواڵگریی میسر و تورکیا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون، کە تیایدا تاوتوێی ڕێگەکانی چڕکردنەوەی هەوڵە هاوبەشەکان بە هاوکاریی ئەمەریکا، بە مەبەستی سەرخستنی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە کرا.

بە پێی زانیارییەکانی مێدیا میسرییەکان، وڵاتانی نێوەندگیر هەر ئەمڕۆ ڕێککەوتن لەسەر "بەردەوامیی بە بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ ناوەندی هەماهەنگی مەدەنی و سەربازی". کە ناوەندەکە چاودێری ئاگربەستەکە دەکات و لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە باشووری ئیسرائیل دامەزراوە.

مەرجەکانی ئەم قۆناغی دووەمی ڕێكکەوتنی ئاگربەست بریتین؛ چەکداماڵینی حەماس و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ڕاگوزەر و جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە، ئەمەش لە پێناو سەقامگیرکردنی کەرتەکەیە.

تا ئێستا ئیسرائیل و حەماس چەندین جار یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە.

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە دوای جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەوە، بەهۆی هیڕشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 300 فەڵەستینی کوژراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لوتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

 
 
Fly Erbil Advertisment