تاران داوا لە حزبوڵلا دەکات بە ستراتیژی خۆیدا بچێتەوە
سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی هەیسەم تەباتەبایی، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵا دەکات، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە گەڕەکی باشووری بەیرووت کرایە ئامانج. تەباتەبایی کە بە ڕەچەڵەک ئێرانی بوو، کوشتنەکەی گوتاری سیاسیی لە تاراندا دروستکردووە.
لەلایەک فەرماندەکانی سوپای پاسداران بەڵێنیان داوە وەڵامێکی بەهێز و یەکلاکەرەوەیان بۆ ئەو کوشتنە هەبێت و جەخت لە مافی تۆڵەسەندنەوە دەکەنەوە. لەلایەکی دیکەوە، موحسین ڕەزایی، ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم و یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی دەسەڵات، داوای لە حزبوڵڵا کردووە بە سیاسەتی "ستراتیژی"ی خۆیدا بچێتەوە؛ ئەمەش بە واتای هاندانی حزبەکە دێت بۆ تێوەگلان لە جەنگێکی نوێ و ڕاستەوخۆ دژی ئیسرائیل.
ئێران خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ نییە لەگەڵ ئیسرائیل، بەتایبەتی دوای ئەو لێدانانەی بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کەوتوون و ئەو فشارە نێودەوڵەتی و ئابوورییەی لەسەریەتی. لە هەمان کاتدا، نایەوێت وەک لایەنێکی لاواز و دەستەوەستان دەربکەوێت.
لێرەدا ڕۆڵی حزبوڵڵا وەک گونجاوترین گۆڕەپان بۆ تۆڵەسەندنەوە دەردەکەوێت. بەڵام بۆ حزبەکە دۆخەکە ئاوا سادە نییە؛ ئەوان لە ڕووی سەربازی و ڕێکخراوەییەوە توانای بەرگەگرتنی جەنگێکی نوێیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە، ئەمە جگە لەوەی دۆخی ناوخۆی لوبنانیش لە لێواری داڕماندایە.
ڕۆژی یەکشەممە، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا هەیسەم تەباتەبایی کوشت، بە گوتەی دەسەڵاتدارانی لوبنان گیانلەدەستدانی پێنج کەسی لێکەوتەوە. ئەمە پێنجەمین هێرش بوو بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیرووت لە دوای ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر ڕێککەوتنی ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: "هێزی ئاسمانی هێرشێکی لە ناوچەی بەیرووت ئەنجامدا و بووە هۆی کوژرانی هەیسەم عەلی تەباتەبایی، سەرۆکی ئەرکانی حزبوڵڵای لوبنان". هاوکات حزبوڵڵا ماتەمینی بۆ چوار ئەندامی خۆی گێڕا کە هاوشانی تەباتەبایی لە هەمان هێرشدا کوژران.
لەلایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکەی بە "ورد و سەرکەوتوو" وەسف کرد و جەختی کردەوە "دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێگە بە حزبوڵڵا نادات هێزی خۆی بنیات بنێتەوە یان جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکات"، هەروەها داوای کرد، حکوومەتی لوبنان "پابەندبوونی خۆی بە چەکداماڵینی حزبوڵڵا جێبەجێ بکات".
لای خۆیەوە حکوومەتی لوبنان بەردەوامە لە ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل، لەنێویاندا بەردەوامیی داگیرکردنی پێنج پێگەی ستراتیژی لە باشووری لوبنان، سەرەڕای ئەوەی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا مەرجی کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانە دیاری کراوە لە کاتی جەنگدا پێشڕەویی تێدا کردبوون.
بەگورەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەدوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەوە تا ئێستا زیاتر لە 331 کەس کوژراون و 945 کەسی دیکەش بریندار بوون.
