جوتیار عادل: نیەتی حكومەتی عێراق بە ئەرێنی دەبینین
بەمزووانە شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات
K24 – ھەولێر
وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نیەتی حكومەتی عێراق بە ئەرێنی دەبینن و لەبارەی ئیلتیزاماتیان بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان وتەبێژی حكومەتی عێراق راستییەكانی باسكردووە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو بڕە پارەیەی حكومەتی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان دەینێرێت مافی خۆمانە و پاداشت نییە، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش جەختی لەوەكردووەتەوە، ئەو بڕە پارەیە رێككەوتنی لەسەر كراوە دەبێ تا پەسندكردنی بودجەی ساڵی 2021 دەبێ خەرج بكرێت".
گوتیشی: "نیەتی حكومەتی عێراق بە ئەرێنی دەبینین و زۆرباشە، لەلایەن حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت، بۆ چارەسەركردنی سەرجەم پرسە ھەڵپەسێردراوەكان، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم، بە پشتبەستن بە دەستوور بەردەوام گفتوگۆ ھەبووە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەر".
لەبارەی گوتەكانی وتەبێژی حكومەتی عێراق، جوتیار عادل رایگەیاند: "راستییەكانی باسكردووە، ئەوەش ئیلتیزامێكە لەو رێككەوتنەی كە لە 15/8/2020 لەنێوان حكومەتی ھەرێم و حكومەتی عێراق واژۆ كراوە، ھیوادارین ئەم نیتە ئەرێنییە بەردەوام بێت".
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاندبوو، بڕگەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە گوێرەى یاساى وەرگرتنى قەرز نییە، بەڵکو حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێم رێککەوتوون لەسەر پێدانى بڕى 320 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان. ناکرێت فەرمانبەرانى هەرێم بە هۆى ناکۆکییە سیاسییەکانەوە زیانیان بەربکەوێت.
جوتیار عادل، راشیگەیاند: "بەمزووانە ئەندامانی شاندی حكومەتی ھەرێم دیار دەكرێن و بۆ گفتوگۆ سەردانی بەغدا دەكەن".
سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، وتەبێژی حكومەت گوتی: "ھەر كاتێك 320 ملیار دینار لە بەغدا بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچە رادەگەیەنێت".