پسپۆرێکی ژینگە: حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی داخستنی هیچ کارگەیەکی نییە
پسپۆرێکی ژینگە: هەژموونی حزبی بەسەر ئەدای حکوومەتی فیدراڵ زاڵە
دوو ڕۆژە بەرگە هەوای بەغدا بەرزترین پێوانەی پیسی و ئالوودەیی تێدا تۆمار دەکرێت و بەمەش بە گوێرەی پێوانەیەکی نێودەوڵەتی، بەغدا لە ڕیزبەندی یەکەمی شارەکانی جیهانە لە پیسی هەوا و ژینگە.
بەگوێرەی پێوەری جیهانی خاوێنی هەوا، بەغدا لە پلەی یەکەم دێت، لە پلەی دووەمدا دێلهی پایتەختی هیندستان و لە پلەی سێیەمیش دەکای پایتەختی بەنگلادیش دێن.
لە مبارەوە ئیقبال لەتیف، پسپۆڕی کەشوهەوا، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی گوت: ئەو پیسبوونەی هەوای بەغدا، هۆکارەکەی بۆ خراپی ئیدارەدانی قەیرانەکان دەگەڕێتەوە، کە حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە.
گوتیشی: نەبوونی مەرجی سەلامەتی بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوتی و کەمی سەوزایی و نەبوونی پشتێنەی سەوزایی و ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبیل لەنێو بەغدا، هەموویان هۆکارن بۆ پیسبوونی هەوا و گەیشتنی بەم ئاستە خنکێنەرە.
ئیقبال لەتیف گوتیشی: گازە دەردراوەکانی پاڵاوگە نەوتییەکان بە جۆرێک بەرزە، بە ئاشکرا لەسەر جلوبەرگی خەڵک و پێستی گیانلەبەران دەنیشێتەوە و بووەتە هۆی چەندان نەخۆشی، بە تایبەت شێرپەنجەی پێست و چاو بۆ ئاژەڵان .
هەروەها ڕەخنەی لە حکوومەتی فیدراڵ و بۆشایی سەروەربوونی یاسا گرت و گوتی: لە بەغدا و دەوروبەری هەر کارگەیەک پشکی حزبێکە و بەبێ هیچ ڕێکارێکی یاسایی و هیچ مەرجێک دروستکراون و کاردەکەن، هەربۆیە حکوومەت بەهۆی هەژموونی حزبییەوە ناتوانێت هیچ ڕێکارێک بەرانبەر هیچ سەرپێچییەک بگرێتە بەر.
ئیقبال لەتیف، ستایشی پرۆژەی ڕووناکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبای24 کاتژمێری کرد و گوتی: ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی نایابە و بێگومان ئەم پرۆژەیە لە خاوێن بوونەوەی ژینگەی کوردستان سەرکەوتوو دەبێت، کە لە ڕواڵەتدا هەر خۆشی ژینگەکەی خاوێنە.
هەروەها ئاماژەشی دا، حکوومەتی عێراق تا ئێستا شکستی هێناوە لەوەی کە لانیکەم چاودێرییەکی ژینگەیی هەبێت، تەنانەت لیژنەیەکی نییە بۆ چاودێریی شێوازی کاری کارگەکان، بۆ دڵنیابوون لە مەرجەکانی سەلامەتی تەندروستی.
هەروەها گوتیشی: پێویستە حکوومەتی عێراق بە گوێرەی پێوەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری لە ناکاو ڕابگەیەنێت، چونکە ڕێژەی پیسبوونی هەوای بەغدا لە ئاستێکە کە بۆ ژیان گونجاو نییە، بەڵام هیچ هیوایەکی چاکسازیمان بە حکوومەتی عێراق نییە، چونکە ڕێکاری زۆر سەرەتایی ناتوانێت بگرێتە بەر، چ جای ئەوەی بتوانێت پرۆژەیەکی گەورەی وەکوو پرۆژەی ڕووناکی جێبەجێ بکات.
