ئاگرەکەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، هێشتا نەتوانراوە بە تەواوی ئاگرەکەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر کۆنترۆڵ بکرێت. هاوکات چەند کەسێک بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوونە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی هەوڵەکانی تیمی بەرگریی شارستانی ، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەردەوامە، هاوکات بەشێک لە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراو، بەڵام بەهۆی ئەوە هێرشە درۆنییەکان لە شوێنێکی مەترسیداری کێڵگەکەی داوە هێشتا نەکوژێندراوەتەوە.

دەشڵێت: تیمێکی تایبەتی بەرگریی شارستانی نێو کێڵگەی گازی کۆرمۆر، سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، پێشبینی دەکرێت چەند کاتژمێرێکی داهاتوو کۆنترۆڵ بکرێت، باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی زانیارییەکان، چەند کەسێک بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوونە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە سلێمانی، هاوکات تاوەکوو ئێستا ئاشکرا نییە تەندروستیان جێگیرە یان نە.

پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، کارکردن لە کێڵگەی کۆرمۆر و بەرهەمهێنانی گاز بە تەواوی وەستاوە، ئەمەش بەهۆی مەترسی دووبارە هێرشکردنەوەی بۆ سەر کێڵگەکە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەر دوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا ئاماژەی داوە، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی کارەبا لە 4 هەزار مێگاواتەوە بۆ یەک هەزار مێگاوات دابەزی و بەو هۆیە پێدانی کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ 5 کاتژمێر کەم دەبێتەوە.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی ترسنۆکانە بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەم و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەم تاوانباران بدۆزێتەوە و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment