هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کاردانەوەی لێكەوتەوە

درەنگانی شەوی ڕابردوو بە درۆن هێرش کرابووە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەم هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران، هێرشەکەش کاردانەوەی لەسەر ئاستی نێوخۆی و عێراقی لێکەوتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێواز فایەق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: کۆرمۆر تەنیا کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز نییە، بەڵکوو شادەماری ڕووناکی بەخشە بە هەموو ماڵێکی ئەم هەرێمە، هەروەها سەرچاوەی وزەبەخشینە بە هەموو سێکتەرەکانی ژیانمان.

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، باسی لەوە کرد، ئەو دەستە ڕەشەی پیلانی بۆردومانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆری جێبەجێ کردووە پەلاماری هەموو ماڵێکی کوردستانی داوە.

لە لایەکی دیکەوە عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاند: ئەوەی بەرانبەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکرێت، دژایەتیی ڕوونی کوردستانە.

لای خۆیەوە لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: شەمشەمەکوێرەکان درۆنەکان وەک کارتی فشار بەکار دەهێنن.

هەر لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆرەوە، محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند: هێرشەکەی ئەمشەو دووژمناکارانەیە و ئیدانە و مەحکوومی دەکەین.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا،  بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.

هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتنەکانی ڕووداوەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی گازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەکەوەش تەقەیان لێ کرابوون.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment