سووریا: لە تەقینەوەکەی ئیدلب، پێنج کەس کوژران

لە ئەنجامی تەقینەوەی کۆگایەکەی تەقەمەنی لە پارێزگای ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، پێنج هاووڵاتی کوژران. 

چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە "لە شارۆچکەی کفر تەخاریم سەر بە پارێزگای ئیدلب، تەقینەوەیەکی گەورە لە کۆگایەکی تەقەمەنی ڕووی دا و لە ئەنجامدا پێنج هاووڵاتی کوژراون نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون."

بە قسەی بەڕێوەبەری شارۆچکەی کفر تەخاریم، هیشتا ژمارەیەک لە کوژراوان و برینداران لە ژێر داروپەردووی کۆگاکەدا ماونەتەوە و تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی دۆزینەوە و ڕزگارکردنیانن.

لە ناوچەی ئیدلب، کە بە پێگەی گرووپە بەرهەڵستکارەکانی ڕژێمی پێشووی سووریا ناسراوە، تا ئێستا زیاتر لە 10 تەقینەوە لە کۆگا و پێگە سەربازییەکاندا ڕوویان داوە؛ مانگی ئابی ڕابردوو تەقینەوەیەکی هاوشێوە هەر لە پاریزگای ئیدلب ڕووی دا و لە ئەنجامدا چوار کەس کوژران.

فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای ئیدلب، لە ڕاگەیەنراوێکدا، بڵاوی کردەوە " تەقینەوەیەکی گەورە لە باکووری شارۆچکەی کفر تەخاریم ڕووی داوە، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە تەقینەوەکە، لە ئەنجامی کارکردن لە کارگەیەکی نزیک کۆگاکە ڕووی داوە."

 
Fly Erbil Advertisment