ئومێد ئەحمەد: بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر وزەیەکی زۆری بەرهەمهێنراوی کارەبامان نامێنێت
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غاز، وزەیەکی زۆری بەرهەمهێنراوی کارەبامان نامێنێت، ئەو وزە کەمەشی کە دەمێنێتەوە بە یەکسانی دابەشی سەر شارەکان و شوێنە گرنگەکانی دەکەین.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، نزیکەی 80%ـی وزەی بەرهەمهێنراوی کارەبا کەم دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بڕە کەمەی کارەبا کە دەمێنێتەوە، بە یەکسانی دابەشی سەر شارەکان، پرۆژەکانی ئاو، نەخۆشخانە و شوێنگە گرنگەکانی دەکەین.
هاوکات گوتیشی: لەو دۆخەی ئێستا کە بەرهەمهێنانی غاز ڕاگیراوە لە کێڵگەی کۆرمۆر، وزەی کارەبای زیاترمان بۆ هاوبەشان پێ دابین ناکرێت تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنانی غاز ئاسایی دەبێتەوە.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتنەکانی ڕووداوەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەکەوەش تەقەیان لێ کرابوون.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا.