عەزیز ئەحمەد: ئەو تیرۆریستانەی ناویان لە لیستی مووچەی حکوومەتی عێراقە هێرشەکەیان ئەنجامداوە
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمشەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بوونە هۆی بڕانی کارەبا لە گەڕەکەکانی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: دەبێت چەند هێرشی دیکە ڕوو بدات تاوەکوو حکومەتی ئەمەریکا ڕێگە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات سیستەمی دژە درۆن بکڕێت.
پێنجشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەو تیرۆریستانەی ناویان لە لیستی مووچەی حکوومەتی عێراقە، جارێکی دیکە هێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بوونە هۆی بڕانی کارەبا لە گەڕەکەکانی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: هەناردەی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش کە نزیکەی 10%ـی کۆی بەرهەمهێنانی وڵاتەکە پێک دەهێنێت بە تەواوی وەستاوە.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، دەبێت چەند هێرشی دیکە ڕوو بدات تاوەکوو حکوومەتی ئەمەریکا ڕێگە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات سیستەمی دژە درۆن بکڕێت بۆ پاراستنی ئاسمان و ژێرخانە گرنگەکانمان، جەختیش لەوە دەکاتەوە حکوومەتی عێراق هیچ باکی بەمە نییە.
هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان ڕایانگەیاند: شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 11:30، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
