ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە توندی ئیدانەی بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات لە پارێزگای سلێمانی و هێرشەکە بە "کردەوەیەکی تیرۆریستیی مەترسیدار" وەسف دەکات، کە ئامانج لێی لێدانە لە ئاسایشی ئابووریی عێراق و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرماندەییەکە ڕایگەیاندووە: "کاتژمێر 11:30ی شەوی چوارشەممە (26ی تشرینی دووەمی 2025)، کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕووبەڕووی هێرشێکی تێکدەرانە بووەوە و لە ئەنجامدا یەکێک لە تانکە سەرەکییەکانی عەمبارکردنی غاز سووتێنرا، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە".

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان جەختی کردووەتەوە، ئەم هێرشە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتیی و ئامانجی سەرەکی لێی، ڕێگریکردنە لە هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنیی و ئابووریی وڵات. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، هێرشەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تۆڕی کارەبا دەبێت، بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، وێڕای ئەوەی زیان بە ژێرخانی وزەی وڵات دەگەیەنێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆردومانەکە لە ڕێگەی درۆنی نەناسراوەوە ئەنجام دراوە، ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و دابەزینی ئاستی پێدانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

کێڵگەی غازی کۆر مۆر بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت. ئەم کێڵگەیە لەلایەن کۆمپانیای "دانا غاز" و هاوبەشەکانییەوە بەڕێوەدەبرێت و لە ڕێگەی تۆڕێکی بۆرییەوە بە درێژایی 180 کیلۆمەتر، غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە چەمچەماڵ، بازیان و هەولێر دابین دەکات، توانای بەرهەمهێنانیان زیاترە لە دوو هەزار مێگاوات.

توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا و دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فراوانکردنی (KM250)، بۆ نزیکەی 750 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئاسایشی وزەدا دەگێڕێت.

لە چوار ساڵی ڕابردوودا، کێڵگەکە چەندان جار ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە، کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان هەبووە. لەوانەش لە مانگی یەکی 2024، هێرشێکی درۆنی بووە هۆی وەستانی بەرهەمهێنان و بڕینی کارەبا. هەروەها لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، هێرشێکی دیکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کرێکاری یەمەنی و لە مانگی شوباتی 2025یشدا زنجیرەی هێرشەکان دەستیان پێکردەوە.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025یش، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

 
 
Fly Erbil Advertisment