بەغدا لە ئاست هێرشەکەی کێڵگەی کۆرمۆر بێدەنگە
ئەمڕۆ پێنجشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2025)، بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، سەرباری ئەوەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر زیانی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی غاز و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییە باڵاکان هیچ هەڵوێستێکی فەرمییان لەو بارەیەوە دەرنەبڕیوە.
تاکە کاردانەوەی فەرمی لەلایەن شانەی ئەمنیی عێراقەوە بووە، کە لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکەی بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" وەسف کردووە و جەختی کردووەتەوە، دەبێت ئەنجامدەرانی ئاشکرا بکرێن و ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
بە پێچەوانەی بێدەنگیی لایەنە فەرمییەکان، ژمارەیەک لە چالاکوانان و شرۆڤەکارانی سیاسی لە بەغدا نیگەرانیی خۆیان نیشان داوە. ئەوان ئاماژە بەوە دەدەن؛ ئامانج لەم هێرشانە پەکخستنی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێریی هەرێمی کوردستانە و پەنجەی تۆمەت بۆ چەند لایەنێکی دەسەڵاتداری عێراقی ڕادەکێشن.
هاوکات ڕۆژنامەنووسێکی عێراقیش بە بڵاوکردنەوەی وێنەی کێڵگەکە، ڕاشکاوانە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەپشت ئەنجامدانی هێرشەکەوەن.
لە ئێستادا داواکاریی سەرەکی لە شەقامی عێراقیدا ئەوەیە بکەرانی ئەم هێرشە ئاشکرا بکرێن، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی ئەم جۆرە کردەوانە وەک کارتێکی فشار دژی هەرێمی کوردستان لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەکاربهێنرێن. هەمووان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی لەم شێوەیە.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025یش، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
