حكومه‌تی هه‌رێم شاندێك ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كات
به مه‌به‌ستی گفتوگۆ

K24 – هه‌ولێر:
بڕیاره له چه‌ند رۆژی داهاتوودا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێكهاته‌ی شاندێك ده‌ستنیشان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی به‌غدا بكات و گفتوگۆ له باره‌ی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بكات.
په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له په‌رله‌مانی كوردستان، "زانا مه‌لا خالید" رای وایه، حكومه‌تی هه‌رێم نیازپاكی پیشانداوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه لایه‌نی عێراقی بێته پێش و نیازپاكی خۆی پیشان بدات.
گوتیشی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خواستی ئه‌وه‌یه، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بكات، نه‌ك له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كان.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی 12ی ئه‌م مانگه، له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به زۆرینه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كانی شیعه و سوننه، سه‌ره‌ڕای به‌رهه‌ڵستی لایه‌نه كوردییه‌كان، ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ی ئیتیحادی درا.

یاسا نوێیه‌كه، رێگه به حكومه‌ت ده‌دات، بڕی 12 ترلیۆن دینار له ناوخۆ و ده‌ره‌وه قه‌رز بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی عێراق له سێ مانگی كۆتایی ئه‌مساڵ دابین بكات.
ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه ناڕه‌زایه‌تی كوردی لێكهوتهوه و له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوێنێ یه‌كشه‌ممه كۆبوونه‌وه.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له باره‌ی پرسی نه‌وت له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان هیچ كێشه‌یه‌كی له‌سه‌ر راده‌ستكردنی نه‌وت بۆ به‌غدا نییه. سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان خۆی نووسراوی ره‌سمی واژوو كردووه و ناردوویه‌تی بۆ به‌غدا، كه لاریمان له‌سه‌ر راده‌ستكردنی نه‌وت نییه.

روونیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنی هه‌بووه له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه كار به‌و رێككه‌وتنه بكه‌ن بۆ سێ مانگی داهاتوو. له سه‌ره‌تای ساڵی نوێ، گفتوگۆ بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نه‌وت و بودجه و ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 و ئه‌مه‌ش هه‌مووی به نووسراو هه‌یه و له رۆژانی داهاتوودا له په‌رله‌مان ئه‌و نووسراوانه ده‌خرێنه به‌رده‌ست په‌رله‌مانتاران.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، نێچیرڤان بارزانی، گوتی: ئیشی "حصری" حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانووستانه له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن و هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو جۆرێك ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وێت.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت سه‌قامگیری هه‌بێت، ده‌بێت رێككه‌وتن بكه‌ین. ده‌بێت بیر له شێوه‌ی مامه‌ڵه‌ی به‌غدا بكرێته‌وه. ئه‌وان تا ئێستا بیركردنه‌وه‌یان فیدراڵی نییه، به‌ڵكو ئه‌وان به فیكری مه‌ركه‌زیه‌تی تونده‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا فیدراڵیمان هه‌یه، وه‌ڵامه‌كه‌ی نییه. نیمانه.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراشیكرد، له رۆژانی داهاتوودا شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له باره‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه بكه‌ن.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، "وه‌عدی مزووری" چاودێری سیاسی بۆ "كوردستان24" رایگه‌یاند، راسته هه‌ولێر و به‌غدا نیازپاكیان پیشانداوه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه.