پارێزگاری سلێمانی: کەمتەرخەمیەکانی حکوومەتی فیدراڵ بووەتە هۆی دووبارە بوونەوەی ئەم تاوانانە

 پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، کەمتەرخەمییەکانی پێشووی دەسەڵاتدارانی عێراق لە ئاشکرا نەکردنی تاوانباران، بووەتە ڕێگە خۆشکەر و هاندەر بۆ ئەم جۆرە تاوانانە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرکۆنەی ئەم هێرشە ناڕەوایە دەکەین کە کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

گوتیشی: داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتداران دەکەین، موکوڕانە و تەبایانە کاربکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم تاوانانەی کە دووبارە دەبنەوە، دەشڵێت، کەمتەرخەمییەکانی پێشووی دەسەڵاتدارانی عێراق لە ئاشکرا نەکردنی تاوانباران، بووەتە ڕێگە خۆشکەر و هاندەر بۆ ئەم جۆرە تاوانانە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد، ئومێدەکەم ئەوەی بەدەستمان هێناوە بە ئاسانی لەدەستی نەدەین، ئەرکی حکوومەتی فیدراڵیە ئاسایش و ئارامی و سەروەری هەموو عێراق بەهەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی کۆرمۆریشەوە بپارێزێت، هیوادارم ئەم دوا تاوانی لەم جۆرە بێت کە ڕووبەڕووی خاک و گەلەکەمان دەبێتەوە.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیوویەتی: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی ترسنۆکانە بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەم و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەم تاوانباران بدۆزێتەوە و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەرکەسێک لە پشت هێرشەکانەوە بێت، نابێت ڕێگەیان پێبدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکەنەوە یان وەک ڕابردوو، بە کەفالەت ئازاد بکرێن.

هاوکات مەسرور بارزانی گوتی: داوا لە هاوبەشە ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم کە ئامێری بەرگری پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیمان دابین بکەن، هەروەها پشتگیریمان بکەن لە گرتنەبەری هەنگاوی جددی بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و پێشکەوتنەکانمان.

 
Fly Erbil Advertisment