ڕابوون مەعرووف: هێرشکەرانی سەر کۆرمۆر هەر ئەو دوژمنەن کە تۆیان ئەنفال کرد

ڕابوون مەعرووف، نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووتری پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکدا ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات و دەڵێت: "بۆ ئەوەی وەك خۆیان لە تاریکستاندا بژیت، کێڵگەکانی غاز و وزەت، بۆردومان دەکەن."

ڕابوون مەعرووف لە پەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی "بۆ ئەوەی، گەشە نەکەیت و نەبیت بە نەتەوە و دەوڵەت، جگە لە قووتی ڕۆژانە بیر لە هیچ نەکەیتەوە، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانت دەبڕن."

هەروەها ئاماژەی داوە "نەك هاوکاریت ناکەن، بۆ ئەوەی ببوژێیتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی وەك خۆیان لە تاریکستاندا بژیت، کێڵگەکانی غاز و وزەت، بۆردومان دەکەن! هێشتا، گێل و گەمژە ماون، کە بڵێن، بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کێشەی تەکنیكیی و داتا و ژمارەیە؟! ئەوان هەر ئەو دوژمنەن کە تۆیان ئەنفال کرد، بەڵام تۆ یادەوەریت لاوازە و بیرت چووەتەوە! لِقومٍ يَعقِلونَ."

شەوی ڕابردوو هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی، کە کاری بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە دەکات، هێرشەکە مووشەکی بووە، هەرچەندە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام بەهۆیەوە هەناردەی غازی شل بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تەواوی ڕاگیراوە، چونکە کۆگای سەرەکی هەناردەی غاز بۆ وێستگەکان بە تەواوی وێران بووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment