ناتۆ: كشانهوهی ئهمهریكا له عێراق و ئهفغانستان باجێكی قورسی دهبێت
لەوانەیە "داعش" دەوڵەتی تیرۆریستی لە ئەفغانستان درووستبكاتەوە
.jpg)
K24- ھەولێر:
ئەمینداری گشتی ھاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) یەنس ستۆلتیبێرگ رایگەیاند، بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی كەمكردنەوەی ژمارەی ھێزەكانی خۆی لە ئەفغانستان و عێراق پەلەكردنی تێدایە و باجەكەی زۆرگەورەی دەبێت.
ستۆلتیبێرگ، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێكیدا روونیكردەوە، لە پەیوەندییەكی چڕ دایە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بارەی ئەركی ناتۆ لە ئەفغانستان و عێراق.
ئەمینداری گشتی ناتۆ گوتیشی: "ئێستا ئێمە رووبەڕووی بڕیارێكی قورس بووینەتەوە، ئێمە نزیكەی 20 ساڵە لە ئەفغانستانین و كەسیش لە ھاوپەیمانانی ناتۆ نایانەوێت لەماوەی پێویست زیاتر لەوی بمێننەوە، بەڵام لە ھەمانكاتیشدا، لەوانەیە باجی زوو جێھێشتنی ئهو وهڵاته قورس بێت".
ستۆلتیبێرگ ئاماژەیكرد، لەوانەیە رێكخراوی "داعش" جارێكی دیكە دەوڵەتی تیرۆریستی لە ئەفغانستان درووستبكات، دوای ئەوەی لەسووریا و عێراق لەدەستیدا.
ئاشكراشیكرد، ناتۆ بۆ پشتیوانیكردن لە پرۆسەی ئاشتی بەشێوەیەكی زۆر بوونی خۆی لە ئەفغانستان كەمكردووەتەوە. ناتۆ كەمتر لە 12 ھەزار سەربازی لە ئەفغانستان ماوە و زیاتر لە نیوەیان ئەمەریكایی نین.
سوپای ئەمهریكا مەزندە دەكات، سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ لەم ھەفتەیەدا بڕیارێكی فەرمی بدات سەبارەت بە كشانەوەی ژمارەیەكی زیاتری ھێزەكانی لە عێراق و ئەفغانستان، پێش ئەوەی پۆستەكەی لە 20ـی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داھاتوو جێبێڵێت.
ئێستا نزیكەی 4 ھەزار و 500 سەربازی ئەمەریكایی لە ئەفغانستان ھەن و 3 ھەزار سەربازیشی لە عێراق ھەیە.