یەکێتی زانایانی ئیسلامی: زیانگەیاندن بە ژیانی خەڵک و بەرژەوەندی گشتیی تاوانێکی گەورە و کارێکی حەرامە
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی سروشتی کۆرمۆر بە کردەیەکی تیرۆریستی دوژمنکارانە بۆ تێکدانی ژێرخانی ئابووری و پێشکەوتنەکانی کوردستان دەزانێت و بە تاوانێکی گەورە و کارێکی حەرامی دادەنێت و داوای بە سزا گەیاندنی هێرشکەرەکان دەکات.
یەکێتیی زانایان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025، کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 نێردراوە، لە بارەی هێرشەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئایەتی 56 لە سورەتی ئەعرافی قورئانی پیرۆز دەستی پێکردووە و کە خوا دەفەرمووێت ﴿وَلَا تُفْسِدُوا فِي الْأَرْضِ بَعْدَ إِصْلَاحِهَا﴾.
هەروەها ڕایگەیاندووە، "ئەم هێڕشەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، وێڕای ئەوەی کردەیەکی تیرۆرستی دوژمنکارانەو نامرۆڤانەیە، لەهەمان کات، تێکدانی ئارامی شادەماری ژێرخانی ئابووری و فشارو بەربەست دروستکردنە لەبەردەم پێشکەوتنەکانی کوردستان".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ "بەپێی ئایینی ئیسلام زیانگەیاندن بە ژیانی خەڵک و بەرژەوەندی گشتیی و شێواندنی سامانی نیشتمانی و گوزەرانی هاووڵاتییان، تاوانێکی گەورەو کارێکی حەرامە".
هەروەها جەخت دەکاتەوە،"یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بەتوندی ئیدانەی ئەو کردە تێکدەرانەیە دەکەین، کە دوورە لە هەموو بەهاو ڕەوشتیکی ئینسانی، تکامان وایە دەستی پشت ئەم کارەو بکەرانی ئەم کردە تیرۆرستییە، بدرێنە دادگاو لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن".
