یەکەم خۆبەخش ڤاکسینی مۆدێرنای وەرگرت
خۆبەخشەكە: بە ئەنجامەکانی پێکوتەکە دڵخۆشە
K24- ھەولێر:
یەکەم خۆبەخش ڤاکسینی مۆدێرنای وەرگرت و دڵخۆشە بە ئەنجامەکانی پێکوتەکە.
جێنیفەر هاڵەر، دانیشتووی شاری سیاتێڵە و لە مانگی ئاداری رابردوو، یەکەم خۆبەخش بوو کە ڤاکسینی مۆدێرنای لە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکاندا وەرگرت و دوای مانگێک، پێکوتەی دووەمی وەرگرت.
جێنیفەر هالەر، ئەو خۆبەخشەی پێكوتەكە گوتی: "زۆر دڵخۆشم بە بیستنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی مۆدێرنا، کە رێژەی کاراییەکەی لە قۆناخی سێیەمدا گەیشتووەتە نزیکەی %95 ئەمە زۆر لەوە دوورتربوو کە پێشبینی دەکرا".
گوتیشی: "تاقیکردنەوەکە لە 16ی ئادار کرا و زۆر سادە بوو بۆ من و چوار هەفتە لە دوای وەرگرتنی پێکوتەکە بۆ جاری دووەم پێکوتەم وەرگرتەوە. لەو ساتەوە مانگانە نموونەی خوێنم لێ وەردەگیرێت و بەردەوام تەندروستییەکی باشم هەیە و دڵخۆشم".
روونیشیكردەوە، "سەرەڕای وەرگرتنی ڤاکسینەکە، بەڵام هەرگیز وام دانەناوە لەشم بەرگریی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا درووستکردووە، بەردەوام دەمامكم بەستووە و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیشم جێبەجێکردووە".