زاخارۆڤا: پرۆسەی گەڕاندنەوەی منداڵان ڕاگیراوە

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاشکرای دەکات: بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەسەر کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا، هیچ ئامارێکی وردیان لەسەر ژمارەی هاوڵاتییە دەستبەسەرکراوەکانیان لەو ناوچانە نییە، هاوکات هەڵپەساردنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی منداڵانیشی بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانەوە ڕاگەیاند.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: مۆسکۆ زانیاریی تەواوی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە ژمارەی ئەو ڕووسیانەی لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستبەسەرن.

گوتەبێژەکەی مۆسکۆ هۆکاری ئەو بێئاگاییەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، ئەو دامەزراوە فەرمییانەی سووریا کە باڵیۆزخانەی ڕووسیا هەماهەنگییان لەگەڵ دەکات، هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر ئەو ناوچانەدا نییە، هەر بۆیە پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە و وڵاتینامەی ئەو کەسانەی لە کەمپەکاندا دەستبەسەرن، بووەتە کارێکی ئەستەم.

سەبارەت بە دۆسیەی منداڵانیش، زاخارۆڤا خستیەڕوو،  لەسەر فەرمانی سەرۆکایەتی و حکومەتی ڕووسیا، لە ڕێگەی کۆمیسیاری مافەکانی منداڵانەوە، لە ماوەی نێوان کانوونی یەکەمی 2018 تا تشرینی دووەمی 2024، توانراوە 464 منداڵی ڕووسی لەو کەمپانەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

بەڵام بەهۆی ئەو پەرەسەندنە سەربازی و گۆڕانکارییانەی لە دەسەڵاتی سووریادا لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە ڕوویانداوە، بە گوتەی زاخارۆڤا، لە ئێستادا سەرجەم ڕێوشوێن و چالاکییەکانی تایبەت بە گەڕاندنەوەی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment