سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی فرسەت سۆفی: كوڕێكی خۆم لەدەستدا

فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی بوو

K24 – ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی پەیامێكی بۆ كۆچی دوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر بڵاوكردەوە و رایگەیاند " كوڕێكی خۆم لەدەستدا. د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و، كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو".

لە پەیامی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "هەواڵی كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر زۆر خەمبار و دڵتەنگی كردم. خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و، كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی خۆی بسەلمێنێ و جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەردا بكاتەوە. لەدەست دانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەستدا".

دەقی پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

هەواڵی كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر زۆر خەمبار و دڵتەنگی كردم. خوالێخۆشبوو د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و، كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی خۆی بسەلمێنێ و جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەردا بكاتەوە. لەدەست دانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەست دا.

سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو د. فرسەت  و هەموو هاوكارانی لە حكوومەت و پارێزگا و تەواوی خەڵكی شاری هەولێر دەكەم و لە خودای گەورە داواكارم جێگەی بەهەشت بێت و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی

18ـی تشرینی دووەمی 2020

لە ساڵی 2015، ئەوكاتەی فرسەت سۆفی ئەندامی راوێژكاری بوو لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەرۆك بارزانی لە نامەیەكدا دەستخۆشی لێدەكات و بۆی نووسیوە: "دەستخۆشی لە جەنابت دەكەم و داوات لێدەكەم ھەرچی لە تواناتاندایە بیكەن بۆ ریسواكردنی گەندەڵەكان و پەلكێشكردنیان بۆ دادگا و سزادانیان. بە ھەموو توانام پشتگیریتان لێدەكەم و ھەر كەسێك كۆسپی بۆ دروستكردن ئاگادارم بكەن".