فەرەنسا بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانە ناوەندییەکان و پەیمانگەکان قەدەغە دەکات

سەرۆکی فەرەنسا، ڕایگەیاند، لە پێناو چارەکردنی قەیرانی فێربوون، ساڵی داهاتوو بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانە ناوەندییەکان و پەیمانگەکان قەدەغە دەکرێت.

ئەمڕۆ هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کاتی سەردانی بۆ ناوچەی ( ڤۆسگاس ) لە ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا، گوتی: زۆریك لە گەنجەکانمان ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکەن، تەنانەت ئەوانەشی کە لە ماڵەوەن، وازیان لە خوێندنەوە هێناوە، لە بەرانبەردا ڕۆژانە زیاتر لە چوار کاتژمێر و 20 خولەک بە دیار شاشەکانەوە کات بەسەر دەبەن.

ماکرۆن لە درێژەی قسەکانیدا کە کەناڵی ( سینیوز ) بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: "گەنجێکی زۆرمان هەیە کە ئاڵودەی مۆبایل بووە، ئەمەش لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانیان دروست دەکات و داهاتووی وڵاتەکەشمان بەرەو ئاڕاستەیەکی نەرێنی دەبات".

ئەم قەدەغەکردنە، قۆناغی یەکەمە لە سێ قۆناغی ئەو پلانەی کە پێشتر لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، بۆ چارەکردنی دابەزین و سەرقاڵکردنی ئاستی سەرنجدان لەنێو گەنجان لە پۆلەکاندا پێشنیازی کردبوو.

ماکرۆن دەڵێت: "خوێندنەوە باشترین چارەیە، خوێندنەوەی کتێب زیرەکتر و سەربەخۆترت دەکات".

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، " نامانەوێت هیچ جۆرە مۆبایلێک لە قوتابخانە ناوەندییەکان بەکار بهێنرێت، چونکە قوتابخانە شوێنێک نییە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە لە سۆشیال میدیا".

ساڵی 2018، حکوومەتی فەرەنسا دەستی کرد بە جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانە سەرەتاییەکان، بە پێی یاسایەک کە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسەند کراوە، هەمان یاسا ڕێگە بە قوتابخانە ناوەندییەکان دەدات مۆبایل قەدەغە بکەن، بەڵام پابەندبوونیان بە ناچاری نییە، واتا دەتوانرێت مۆبایل لە کاتی پێویستدا بەکار بهێنرێت، ئەمەش تەنیا ئەو قوتابییانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 15 ساڵاندایە.

Fly Erbil Advertisment