هاووڵاتییان ئاوی گەناوی قوڕەگۆ بۆ چارەسەر بەکاردەهێنن
لەئیدارەی ڕاپەرین و لەنزیک زێی بچووک گۆماوێک هەیە، تام و بۆن و ڕەنگی هەیە و تیرەکەی 370 مەترە، لەهیچ کات و سەردەمێک ئاوەکەی کە بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی پێست بەکاردەهێنرێ وشکی نەکردووە.
لە دووری پێنج کیلۆمەتری بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی ڕانیە گۆمێک هەیە هاووڵاتیان ئاوەکەی بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست بەکاردێنن، ئاوی گۆمەکە تام و ڕەنگ و بۆنی هەیە، جۆرە کیسەڵێکی تێدا دەژیت لە جیهاندا دەگمەنە و بەرە و لەناوچوون دەچێت، لەهەندێ وەرزی ساڵ ڕەنگی ئاوی گۆمەکە بۆ سپی یان پەمەیی دەگۆڕێ.
تیرەی گۆمی گەناوی قوڕەگۆ 370 مەترە و لە 24 کانیاوی بچوکەوە دروست دەبێت، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، لە هیچ ساڵ و سەردەمێک، ئاوەکەی وشکی نەکردووە، گۆمەگە بە گەناوی قوڕەگۆ ناوی دەهێنرێ، گەناو واتە گەنیو یان کۆبوونەوەی ئاوێکی جیاواز کە خاسیەت و تایبەتمەندی فیزیایی و کیمیاویی خۆی هەبێت، ئاوی گەناوەکە بۆ کشتوکاڵ سوودی هەیە و ئاژەڵ و مەڕو ماڵات ئاوی لێ دەخۆنەوە و گرفتی نیە ، بەڵام خەڵکی لێی ناخۆنەوە دەڵێن: ئاوەکەی قورس و تامدارە و بۆنی هەیە، لەبیر و یادەوەری هیچ پیر و بەساڵاچویەکی سنوورەکە نیە، لەسەختترین ساڵەکانی وشکەساڵی گەناوی قوڕەگۆ وشکی کردبێ.
گەناوەکە زیندەوەری وەک (کرم و کیسەڵ و سێڵە و وردە ماسیی و بۆقی) تێدا دەژیت، قەوزەی ناو ئاوەکە، بەهۆی ماددەی کیمیاویی ساڵانە ڕەنگی خۆی بۆ سپی یان پەمەیی دەگۆڕێت، تیمێکی ئەڵمانی و زانکۆی سلێمانی توێژینەوەیان لەسەرکردووە و دەڵێن، جۆرە کیسەڵێکی دەگمەن لەناو ئەم گەناوە دەژیت کە لە جیهاندا بەرەو لەناوچوونە.
وەزارەتی ژینگەی عێراق پێشنیازی کردووە گەناوی قوڕەگۆ، هاوشێوەی ناشناڵ پارکێک بکرێتە ناوچەیەکی پارێزراو و باڵندە و سەوزایی تایبەتی بۆ بهێنرێ.
بەپێیی توێژینەوەکان جۆرە ڕووەکێک بەناوی (کاراشیا) لە قەراخی گۆمەکە دەژیت، کاتێک وشک دەبێت لەگەڵ لیتەی ناو گۆمەکە یەکدەگرێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرە بەردێکی نوێی کلسی لە کەنارەکان.
