بەفربارین دابەشکردنی ئاوی لە چۆمان پەکخستووە؛ بۆڕییەکان بەستوویانە
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، بۆڕییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ئاو لە قەزای چۆمان بەستوویانە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرفت لە گەیاندنی ئاو بە ماڵانی قەزاکە.
یوسف ڕەشید، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026 بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ لە ناوچەکە بەفرێکی زۆر باریوە، سەرچاوەی سەرەکی ئاوی چۆمان کە لە 'پڕژێ'وە دابین دەکرێت، تووشی بەستن بووە و بۆڕییە سەرەکییەکانیش بە هەمان شێوە بەستوویانە، ئەمەش وایکردووە ئاو وەک پێویست نەگاتە ماڵان.
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران ئاماژەی بەوەش دا، کە ماوەی چوار رۆژە دابینکردنی ئاو لە چۆمان کەمبووەتەوە، بەڵام تیمەکان بەردەوام لە کاردان بۆ راماڵین و خاوێنکردنەوەی بۆڕییەکان.
دڵنیاییشی دا کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و گەیاندنی ئاو بۆ ناو شارەکە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.
ئەمساڵ بەهۆی بارینی بڕێکی زۆری بەفر و باران لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، زۆربەی کانی و سەرچاوە ئاوییەکان بووژانەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.