سەرۆك بارزانی و شاندێكی باڵای حكومەتی بەریتانیا دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكومەتی بەریتانیا دەكات
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای سەربازی و سیاسیی حكوومەتی بەریتانیا كرد كە پێكهاتبوو لە فەریق جۆن لۆریمێر ڕاوێژكاری باڵای وەزیری بەرگریی بەریتانیا و ستیڤن هیكی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی و باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەختیش لە بەردەوامبوونی ڕاهێنان و مەشقی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرایەوە.
مەترسییەكانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.
