ڤەنزوێلا: هەڕەشە لە هیچ لایەنێکی دەرەکی قبووڵ ناکەین

وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا، ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی حکوومەتی ڤەنزوێلا و قسەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئاماژەی دوژمنکارانەیە و هەڕەشەیەکی ڕوونە بۆ بەکار‌هێنانی هێز، بۆیە هەموو جۆرە هەڕەشە و تۆمەتێک لە لایەن دەرەکییەکانەوە بە توندی ڕەت دەکەینەوە.

 یەکشەمە، 30ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا بەیاننامەیەکی بڵاو کردوەتەوە و تێیدا هاتووە "سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵ دەدات دەسەڵاتی ناشەرعی دەرەوەی حکوومەتی ئەمەریکا بەسەر ڤەنزوێلادا بسەپێنێت، هەروەها ئەو وڵاتە فەرمان دەردەکات و هەڕەشە لە سەروەری ئاسمانی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاک و سەلامەتی کەشتیوانی ڤەنزوێلا دەکات."

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ناگونجێن. هاوکات، ڤەنزوێلا سەروەریی ڕەهای ئاسمانی وڵاتەکەی، کە بەپێی ڕێساکانی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنی نێودەوڵەتی پارێزراوە، دووپات دەکاتەوە.

ڕاگەیەنراوەکە، جەختی لەوەش کردوەتەوە، کە فەرمان و هەڕەشە و دەستوەردان لە هیچ دەسەڵاتێکی بیانی قبووڵ ناکەین، هاوکات هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە بەکارهێنانی ئاسمانی ڤەنزوێلا بکات.

ڤەنزوێلا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتە خاوەن سەروەرییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بە توندی ئەم کردەوە دەستدرێژیکارانەیەی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەیان ئیدانە بکەن و ئاماژەی بەوەش کردوە، بە کەرامەت و ئەو هێزەی کە هەمانە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا، وەڵامی هەموو ئەو تۆمەت و دەستدرێژییانە دەدەینەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەخی لەوە کردووەتەوە، حکوومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سەروەری تەواوی خۆی بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەیدا، هەروەها هەڕەشەکردن لە  ڤەنزوێلا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی هەرێمی و گەلانی ناوچەکە. 

ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، سەرەڕای پەرەسەندنی فشارە سەربازییەکانی واشنتن، هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا کردووە.، لە پەیوەندییەکەدا باسیان لە ئەگەری کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەردوو سەرکردە لە ناوخۆی ئەمەریکا کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کە سەرچاوەکان بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی لێدوان نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش بەشداری گفتوگۆکە بووە. تا ئێستا هیچ پلانێکی کۆنکرێتی بۆ دیدارەکە دانەنراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ شێوازە ناسراوەکەی ترەمپ "دانوستان لە لایەک و هەڕەشەی هێز لە لایەکی دیکە."

ئەم گفتوگۆیە ڕێک پێش ئەوە کراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ناوی مادورۆ وەک سەرۆکی "ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی" (ناسراو بە کارتێل دی لۆس سۆلێس) تۆمار بکات.هاوکات واشنتن بەردەوامە لە بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە دەریای کاریبی بە بیانووی دژایەتیکردنی ماددە هۆشبەرەکان. جووڵە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە بریتین لە؛ جێگیرکردنی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر لە نزیک ڤەنزوێلا. هەروەها فڕینی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژی بەسەر ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەو بەلەمانەی گومانی قاچاخیان لێ دەکرێت.

لە شەوی جەژنی سوپاسگوزاریدا و لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە مار ئا لاگۆ، ترەمپ، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بە فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنەکان دا و گوتی: ئۆپەراسیۆنەکانی دژی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بەم زووانە لەسەر زەوی جێبەجێ دەکرێن، ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان ئاسانترن و زۆر بەم زووانە دەست پێدەکەن." ئەم لێدوانانە هاوتەریبن لەگەڵ هەوڵەکانی مارکۆ ڕوبیو، کە لەناو ئیدارەی ئەمەریکادا سەرکردایەتی بەرەی دژە مادورۆ دەکات و بە "سەرۆکێکی ناشەرعی" وەسف کردووە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، میدیا ئەمەریکییەکان بڵاویان کردەوە، مادورۆ لە بەرامبەر کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئۆفەری پێدانی پشکی کێڵگە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا و هەلی ئابووری دیکەی بە واشنتن داوە. بەڵام دوای ئەوەی مادورۆ ڕەتی کردەوە دەستبەرداری دەسەڵات بێت، بەرپرسانی ئەمەریکا لە سەرەتای مانگی ڕابردوو دانوستانەکانیان ڕاگرت. ئێستاش ئیدارەی ئەمەریکا تاوتوێی بژاردەی کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە دەکات.

هەروەها کۆشکی سپی، ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییە بدات. حکوومەتی ڤەنزوێلا بە فەرمی وەڵامی نەدایەوە، بەڵام دوو سەرچاوەی نزیک لە حکوومەت لە کاراکاس ئەنجامدانی پەیوەندییەکەیان پشتڕاست کردەوە.سەرەڕای گفتوگۆکان، واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی ئامانجی کۆتایی دەرکردنی مادورۆیە و پێیوایە دەبێت دوای هەڵبژاردنەکانی 2024 پۆستەکەی جێبهێڵێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment