تاتۆ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست لە 29% زیاد دەکات
توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی تاتۆ، کە زۆر کەس ئارەزووی دەکەن و لە شوێنی جیاوازی جەستەدا نەخشی دەکەن، مرۆڤ ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکاتەوە، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست بە ڕێژەی 29% زیاد دەکات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی زانستیی ساینس ئەلێرت (Science Alert) بڵاویکردووەتەوە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی تاتۆیان هەیە بە ڕێژەی %29 مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست زیاترە، کە جۆرێکی مەترسیداری شێرپەنجەیە و زۆرجار پەیوەستە بە بەرکەوتن بە تیشکی سەروو بنەوشەیی.
لەگەڵ ئەوەشدا، وا دەرناکەوێت کە تاتۆ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی خانە توێژاڵییەکان (Squamous cell carcinoma) زیاد بکات، کە جۆرێکی دیکەی شێرپەنجەی پێستە و پەیوەستە بە زیانەکانی تیشکی سەروو بنەوشەییەوە.
هەرچەندە هەردوو جۆرەکەی شێرپەنجە لە هۆکارەکەدا هاوبەشن، بەڵام هەریەکەیان لە جۆرە خانەی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرن و لە توانایاندا جیاوازن، بەو پێیەی شێرپەنجەی پێست (میلانۆما) زۆر مەترسیدارترە لە شێرپەنجەی خانە توێژاڵییەکان.
ئەم ئەنجامانە شۆکێکن بۆ ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی ڕۆژئاوا کە تاتۆ بە ئامرازێکی بەهێز بۆ دەربڕینی هەست و ناسنامەی خۆیان دەزانن و تەنیا لە سوید نزیکەی یەک لە هەر سێ کەسێکی پێگەیشتوو، تاتۆیان هەیە.
هەریەک لە شێرپەنجەی پێست (میلانۆما) و شێرپەنجەی خانە توێژاڵییەکان بە هێواشی گەشە دەکەن و تا ڕادەیەک دەگمەنن، ئەمەش ئەنجامدانی توێژینەوەی درێژخایەن لەسەریان قورس دەکات، هەروەها زانایان جەخت دەکەنەوە کە بەدواداچوون بۆ گرووپە گەورەکانی ئەو کەسانەی تاتۆیان هەیە و ئەوانەشی تاتۆیان نییە بۆ ماوەی چەندین ساڵ، تێچووی زۆر دەبێت و کاتێکی زۆر دەخایەنێت.
تیمی توێژینەوەکە کە لێکۆڵینەوە نوێیەکەیان لە سوید ئەنجامداوە، ڕایانگەیاند، چاودێریی ئەو کەسانەیان کردووە کە پێشتر دەستنیشانی شێرپەنجەیان بۆ کراوە، دواتر سەیری ڕابردوویان کردووە بۆ ئەوەی بزانن کێ تاتۆی هەبووە، ئەمەش بە مەبەستی گەیشتن بەم ئەنجامانە.
سوید تۆماری نیشتمانیی بەرز و بەکوالێتی هەیە کە زانیاری لەسەر تەندروستی و پێکهاتەی دانیشتوان تۆمار دەکات، لە ڕێگەی تۆماری نیشتمانیی شێرپەنجەوە، توێژەران هەموو ئەو کەسانەیان دەستنیشان کرد کە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 60 ساڵدایە و لە ساڵی 2017دا تووشی شێرپەنجەی پێست (میلانۆما) بوون یان لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 تووشی شێرپەنجەی خانە توێژاڵییەکان بوون، دواتر لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامانە.
ئەو کەسانەی تاتۆیان هەبووە بە ڕێژەی 29%زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست هەبووە بە بەراورد بەوانەی تاتۆیان نییە، هەروەها زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە زیادبوونی مەترسییەکە زیاتر بووە لای ئەوانەی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە تاتۆیان هەیە.
سەبارەت بە شێرپەنجەی خانە توێژاڵییەکان، تاتۆ هیچ جیاوازییەکی دروست نەکرد، ئەنجامەکان لە هەموو شیکارییەکاندا یەکدەنگ بوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی پەیوەندی لە نێوان تاتۆ و ئەم جۆرەی شێرپەنجەی پێست.
هەروەها توێژەران هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزییەوە کە تاتۆی قەبارە گەورەتر مەترسیی تووشبوون زیاد بکات، ئەمەش چاوەڕواننەکراو بوو، چونکە تاتۆی گەورەتر مەرەکەبی زیاتری تێدایە، لە ئەنجامدا ماددەی زیانبەخشی زیاتر.
بەڵام یەکێک لە لێکدانەوەکان ئەوەیە، مەرەکەبی تاتۆ لە پێستدا هەر دەمێنێتەوە، چونکە سیستمی بەرگریی جەستە وەک ماددەیەکی نامۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکات و هەندێک لە گەردیلەکانی مەرەکەبەکە دەگوازێتەوە بۆ گرێ لیمفییەکان.
توێژینەوەیەکی پێشووی ئەمەریکی ئاماژەی بەوە کردبوو، تاتۆی گەورە ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست کەم بکاتەوە، بەڵام وەک توێژەران دەڵێن، ئەم توێژینەوەیە هۆکارە سەرەکییەکانی وەک جۆری پێست یان بەرکەوتن بە تیشکی سەروو بنەوشەیی لەبەرچاو نەگرتبوو.
