ئەمریکا.. بەهۆی بڵاوبوونەوەی کرمێکی گۆشتخۆر باری نائاسایی راگەیەندرا

وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا تۆمارکردنی سێ تووشبوونی نوێی بە "کرمی گۆشتخۆر" لە ویلایەتەکانی تێکساس و نێو مەکسیکۆ راگەیاند، ئەمەش وایکرد پارێزگاری تێکساس ئاستی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە بەرز بکاتەوە کە هەڕەشە لە کەرتی ئاژەڵداری و ئابووری وڵاتەکە دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی پشکنینی تەندروستیی ئاژەڵ و رووەک لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا روونیکردەوە، کە دوو لە تووشبوونە نوێیەکان لە تێکساس بووە (یەکێکیان لە گۆلکێک و ئەوی دیکەیان لە بزنێکدا)، حاڵەتی سێیەمیش کە لە سەگێکدا بووە، وەک یەکەم تووشبوونی فەرمی لە ویلایەتی نیو مەکسیکۆ تۆمارکرا.

دودڵی هۆسکینز، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا بۆ کاروباری بەبازاڕکردن و بەرنامە رێکخراوەییەکان رایگەیاند: "بارودۆخەکە لە پەرەسەندندایە و چاوەڕوانی زانیاری نوێ دەکەین کاتێک لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن."

لە لایەکی دیکەوە، گریگ ئەبۆت، پارێزگاری تێکساس بڕیاریدا ئاستی وەڵامدانەوەی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە نائاساییەکانی ویلایەتەکە بەرز بکاتەوە، ئەمەش بە مەبەستی تەرخانکردنی سەرچاوەی زیاتر بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو مشەخۆرە مەترسیدارە.

کرمی گۆشتخۆر (Screwworm) بە یەکێک لە ئافاتە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت کە تووشی ئاژەڵە خوێن گەرمەکان دەبێت، لەوانە مەڕوماڵات، ئاژەڵی کێوی و تەنانەت لە حاڵەتی دەگمەندا مرۆڤیش. یەرقە(Larva)ی ئەم کرمە دەچێتە ناو شانە زیندووەکان و برینی زۆر قووڵ و سەخت دروست دەکات، کە دەبێتە هۆی مرداربوونی ئاژەڵ و زیانی گەورەی ئابووری.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە کاتێکدایە کە لە ئایاری 2025، سەدان پزیشکی ڤێتێرنەری و کارمەندی پشتیوانی لە وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا کارەکانیان جێهێشتووە، ئەمەش دوای گوشارەکانی ئیدارەی تڕەمپ بۆ دەستلەکارکێشانەوەیان، کە ئێستا نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە لەسەر توانای وڵاتەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان.

تێکساس گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە لە بەرهەمهێنانی مەڕوماڵاتدا و ئەم کرمە هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر ئابوورییەکەی. بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و داخستنی سنوورەکانی ئەمریکا و مەکسیکۆ بە رووی هاوردەی ئاژەڵدا، کەرتی بەخێوکردنی مانگا لە ئەمریکا، کە بەهاکەی بە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی 75 ساڵی رابردوودا دابەزیوە.