تەمومژی دیارنەمانی 934 ملیار دینار؛ لە نێوان ڕەتکردنەوەی وەزارەتی بازرگانی و تووڕەیی شەقامی عێراقیدا
هاووڵاتییانی عێراق بە دەست قەیرانی خزمەتگوزاری و بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانی حکوومەتەوە دەناڵێنن، هەروەها لە نوێترین پێشهاتدا بڵاوبوونەوەی هەواڵی دیارنەمانی بڕی (934) ملیار دینار لە وەزارەتی بازرگانی، جارێکی دیکە شەقامی عێراقی هەژاند و شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و تووڕەیی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە.
عێراق، وەک یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە نەوت و سامانی سروشتی، ساڵانە بودجەی خەیاڵی هەیە، بەڵام ئەم سامانە نیشتمانییە لە بری ئەوەی ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ زۆرینەی دانیشتووان، کەچی بووەتە سەرچاوەی دەوڵەمەندبوونی نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتداران. هاووڵاتییانیش کە بەشێکی زۆری تەمەنیان لە خۆپیشاندان و داواکردنی مافە سەرەتاییەکان بەسەر بردووە، هێشتا چاوەڕوانی وەڵامێکی دڵخۆشکەرن بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان.
لە نوێترین پێشهاتدا، دەنگۆی دیارنەمانی 934 ملیار دینار لە نێو وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا، وەک خوێکردن بە برینی گەلێک وایە کە متمانەی بە دەسەڵاتی سیاسی لەدەست داوە. چالاکوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم دۆسیەیەیان بە "برینێکی دیکەی جەستەی عێراق" پێناسە کردووە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە درێژکراوەی زنجیرەیەک گەندەڵی سیستەماتیکە، هاوشێوەی دۆسیەی "دزی سەدە".
لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە فەرمی هەواڵەکەی ڕەت کردەوە و بە "بێ بنەما" پێناسەی کرد. بەڵام ئەم ڕوونکردنەوەیە نەبووەتە هۆی دامرکاندنەوەی تووڕەیی خەڵک. کاردانەوەکان ئاماژە بە قووڵبوونەوەی "قەیرانی متمانە" دەکەن لە نێوان هاووڵاتی و حکوومەتدا.
لە کۆمێنت و پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هاووڵاتییان بە بێهیواییەوە دەنووسن: "ئەمە یەکەمجار نییە دزییەکی لەم شێوەیە دەکرێت، بەڵام داخەکە لەوە دایە کە میکانیزمێکی ڕاستەقینە بۆ لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران بوونی نییە." ئەمەش دەریدەخات کە شەقامی عێراقی گەیشتووەتە قۆناغێک، تەنانەت ڕەتکردنەوە فەرمییەکانیش بە گومانەوە وەردەگرێت.
