بەرپرسانی تەندروستیی ئێران: ڕێڕەوی گواستنەوەی ئایدز بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە
جێگری وەزیری تەندروستی، کۆماری ئیسلامیی ئیران، دەڵێت: داواکاریمان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی باشتری ڤایرۆسی HIV، گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگرن، بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستمان بە ئامێر و کیتە پێویستەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە ڕابگات.
دووشەممە، 1ـی کانوونی دووەم 2025، عەلیڕەزا ڕەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، لە کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند "لە وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەند، بڕی ئەو بودجەیەی بۆ کۆنترۆڵکردنی HIV (ئایدز) کەمیکردووە و ئەگەر بڵێین 60%ی بودجەکە دەبێت لەلایەن وڵاتانی خاوەن داهاتی کەمەوە دابین بکرێت، ئەوە بۆچوونێکی ناواقعییە."
ڕەئیسی گوتیشی: لە بواری چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییەدا بە باشی کارمان کردووە؛ بەڵام یەکێک لە کێشەکان لە بواری کۆنترۆڵکردنی HIV، دۆزینەوەی نەخۆشەکانە، چونکە ئەگەر تووشبووی HIV بناسرێتەوە و بە تۆڕی تەندروستی و دەرمان بناسێنرێت، لە بواری چارەسەردا نیگەرانیمان نییە، بۆیە ئێستا هەموو توانای خۆمان بۆ دۆزینەوەی نەخۆش تەرخان بکەین."
جێگری وەزیری تەندروستی ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لە ساڵی 2024دا نزیکەی 56% و لە ساڵی 2025دا نزیکەی 62%ی تووشبووی HIVمان دۆزیوەتەوە، کە ئەگەر ئەم ڕێژەیە بگاتە سەرووی 80%، ئەوا بە خاڵێکی تا ڕادەیەک باش هەژمار دەکرێت.
ژمارە نافەرمییەکانی تووشبووان
لادەن عەباسیان، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ئایدزی ئێران و ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران، ڕایگەیاند، بەپێی دوایین ئامار، لە ئێراندا نزیکەی 25 هەزار و870 تووشبووی ناسراوی HIVمان هەیە کە تەنیا نزیکەی 20 هەزار کەسیان چارەسەر وەردەگرن.
عەباسیان، گوتیشی: خەمڵاندنی ئێمە بۆ ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووان نزیکەی 41 هەزار و 509 کەسە. واتە جیاوازییەک لە نێوان ئاماری خەمڵێنراو و ژمارەی ڕاستەقینەدا هەیە و یەکێک لە ئامانجەکانی بەرنامەکانی کۆنترۆڵکردنی HIV کەمکردنەوەی ئەم جیاوازییەیە بۆ کەمترین ئاست.
ئەو هەروا ئاماژەی بەوەش کرد "لە کۆی گشتیی تووشبووانی دەستنیشانکراو لە ئێران، نزیکەی 30% لە ڕێگەی پەیوەندیی سێکسییەوە تووشی ڤایرۆسەکە بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025، 63%ی حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوون لە ڕێگەی سێکسەوە بووە. ئەم گۆڕانکارییە دەری دەخات کە ڕێڕەوی گواستنەوەی تووشبووان لە ئالوودەبوون بە دەرزی و بەکارهێنانی سرنجی هاوبەش، کە لە ڕابردوودا باوترین ڕێگەی گواستنەوە بوو، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو گواستنەوەی سێکسی گۆڕاوە."
سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ئایدزی ئێران، ڕوونی کردەوە "ئامارەکان دەریدەخەن کە 73%ی تووشبووانی HIV لە ئێران، تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 45 ساڵدایە؛ گرووپێکی تەمەن کە زۆرترین ئەگەری چالاکیی سێکسی تێدا هەیە. هۆشیاری سەبارەت بە ڕێگەکانی خۆپارێزی لە HIV، بەکارهێنانی کەرەستەی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لە ڕەفتارە پڕمەترسییەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە کۆنترۆڵکردنی ئایدزدا هەیە."
