"فلۆرێنتینۆ پێرێز دوایین دەرفەت دەداتە ئالۆنسۆ"
قسە لەبارەی جێنشینی چابی ئالۆنسۆ دەكرێت
رۆژ لەدوای رۆژ چارەنووسی چابی ئاڵۆنسۆ لە راهێنەرایەتیکردنی ریال مەدرید لێلتر دەبێت و ئارامی فلۆرێنتینۆ پێرێزیش خەریکە تەواو دەبێت، بەڵام هێشتا مەدریدییەکان هیوایان بە راهێنەرە ئیسپانییەکە لەدەست نەداوە.
ریال مەدرید لە دوایین پێنج یاری تەنیا یهك بردنهوهی بەدەستهێناوە، ئیتر خەریکە میدیاکانی مەدرید لەبارەی چارەنووسی چابی ئاڵۆنسۆ پرسیار دەکەن، تەنانەت پرسیار لەبارەی جێگرەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە دەکەن.
خۆسیێ فیلێکس دیاز رۆژنامەنووسی ئیسپانی لە رۆژنامەی ئاس رایگەیاندووە، هێشتا فلۆرێنتینۆ پێرێز متمانەی بە ئاڵۆنسۆ هەیە، دەیەوێت ئارام و هێور بێت، بۆ ئەوەی تیمەکەی بتوانێت هاوسەنگی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، یەکسانبوونەکەی جیرۆنا بێهیوای و نائومێدی خستە نێو ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی ریال مەدرید، بەرپرسانی ریال مەدرید خەریکە نائومێد دەبن، چونکە فلۆرێنتینۆ پێرێز چەندان کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی یانەکەی کردبوو، پێیوابوو خەریکە یانەکەی رێچکەی خۆی دەدۆزێتەوە، کەچی ئەم هەفتەیە مێرەنگی پێشەنگی لالیگای لەدەست دا.
گەرچی بەرنامەی ئێلچێرینجیتۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە لەم کاتەدا ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک بیر لە دوورخستنەوەی ئاڵۆنسۆ ناکاتەوە، بەڵام ماریۆ کۆرتیگانا پەیامنێری تۆڕی وەرزشی ئاتلێتیک ئاشکرایکردووە، ئەنجامی یارییەکەی چوارشەممە بەرامبەر بیلباو کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر چارەنووسی ئاڵۆنسۆ دەبێت، مەترسی هەیە ئەو یارییە ببێتە سەرەتای کۆتایی هاتنی راهێنەرە ئیسپانییەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
دەنگۆی دوورخستنەوەی ئاڵۆنسۆ تا دێت زیاتر دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس لەبارەی جێنشینی راهێنەرە ئیسپانییەکە زانیاری نییە، پیپێ ئالڤارێز رۆژنامەنووسی ئیسپانی کە لە دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید نزیکە، دوای یارییەکەی جیرۆنا ئاشکرایکردووە، زینەدین زیدان تاکە راهێنەرە پێرێز متمانەی پێی هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی پێ بسپێرێت.
چابی ئالۆنسۆ لە هاوینی رابردوو لە شوێنی ئانچیلۆتی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی وەرگرت، لەگەڵ یانە شایانەكە لە كۆی 25 یاری، 18 بردنەوە، 4 یەكسان و 3 شكستی هەیە.
