سزاکانی هاتووچۆ شۆفێرانی بەغدای بێزار کردووە

ئەگەر لە بەغدا دەژیت و لەوێ کار دەکەی، تووشی سەرسوڕمان مەبە لە هاتنەوەی پارەی زۆری سەرپێچی بە بێ ئاگاداری پێشوەختە، چونکە ئەمە حاڵی بەشێکی زۆری ئەو کەسانەیە کە لەو شارەدا دەژین، زۆری پارەی سەرپێچییەکان هەمووانی نیگەران کردووە، بە جۆرێک شۆفێر هەیە بڕی پارەی سەرپێچییەکانی گەیشتووە بە پێنج ملیۆن دینار.

فاتیمە ڕاوی، هاووڵاتیەکی دانیشتووی شاری بەغدایە، قسەی بۆ کوردستان24 کردووە، دەڵێت، پارەی سەرپێچییەکانم گەیشتوەتە 900 هەزار دینار، ئەم بڕە پارەیە خەیاڵیە، یەکجار پشتێنی سەلامەتیم نەبەستووە 200 هەزار دینارم وەکو سەرپێچی بۆ هاتوەتەوە، بەڕاستی ئاگاداری ئەوە نیم و نازانم کە سزای نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی چەندە، واملێهاتووە ئۆتۆمبیلەکەم بفشرۆم لە پێناو دانەوەی قەرزی سەرپێچییەکانم، هاوڕێکەم یەک ملیۆن و 800 هەزار دیناری وەکو سەرپێچی بۆ هاتەوەتەوە، سەرپێچیەکانی لە هەندێک شوێن تۆمارکراوە کە لە ڕاستیدا سەردانی ئەو شوێنانەی هەر نەکردووە. 

شۆفێرانی تاکسی و بارهەڵگرەکانیش دەڵێن، بەشێکی زۆری سەرپێچییەکان بەسەریاندا سەپێنراوە، هەروەها بە بێ ئاگاداری شۆفێران سەرپێچی تۆمار دەکرێت و پسوولەی سەرپێچیەکانیش نادرێتەوە بە هاووڵاتییان و نایبینن. 

شۆفێرێک دەڵێت، ئێمە کێشەمان لە گەڵ شێوازی تۆمارکردنی سەرپێچییەکان هەیە، لە شوێنی سەرپێچییەکە شتێک دەنووسن، بەڵام کاتێک بڕی پارەکەت بۆ دێتەوە بە شێوازێکی دیکەیە و پارەکەی زۆر زیاترە لە سزای ئەو سەرپێچییەی کە ئەنجامتداوە.

هاووڵاتیەکی دیکە لە نرخەکان ناڕازییە و دەڵێت، هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکان نرخەکانیان ناگاتە پێنج ملیۆن دینار، بەڵام سەرپێچی شەش یان حەوت ملیۆن دیناریان بۆ هاتوەتەوە، وابزانم هاتووچۆی عێراق لە بەری خزمەت سزای هاووڵاتییان دەدات.

لەمبارەیەوە بە بڕاوی چاودێران، زۆری بڕی پارەی سەرپێچییەکان، لە داهاتوودا دەبن بە کێشە، چونکە ژمارە و بڕەکان زۆر و خەیاڵین، لەوانەیە هاووڵاتییان نەتوانن بە هیچ شێوەیەک بڕی سزای سەرپێچییەکانیان بدەن، بۆیە شۆفێران دەڵێن: سەرپێچییەکان بە شێوەیەکی هەرەمەکی تۆمارکراوە و ڕەچاوی دۆخی ئابووری وڵات و هاووڵاتییان نەکراوە.  

 
 
 
Fly Erbil Advertisment